پشتگیری بۆ ئازادی گولتان کشاناک و ئایلا ئاکات بەردەوامە

14:20

ژنها

ناوەندی هەواڵ - ژنانی پارێزەری مافی مرۆڤ (WHRD) دەستبەسەرکردنی گوڵتان کشناک و ئایلا ئاکات ئاتایان بە توندی شەرمەزار کرد و رایگەیاند، کە پێویستە دەستبەجێ ئازاد بکرێن.

یەکێتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقای ژنانی پارێزەرانی مافی مرۆڤ سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی ئایلا ئاکات ئاتا، وتەبێژی کۆنگرەی ژنانی ئازاد کەژەئا و گوڵتان کشناک هاوسەرۆکی شارەوانی شاری ئامەد راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، کە ئێمە لە دەستبەسەرکردنی ئاکات و کشناک زۆر تووڕەین، ئاکات لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٦دا لە ١٣یەمین کۆنفرانسی رێکخراوی پێشکەوتنی مافی مرۆڤ بەشداربوو، هەم ئاکات و هەم کشناک لە پەرلەمانی تورکیا پەرلەمانتار بوون.

پارێزەرانی مافی مرۆڤی ژنان پشتگیری کشناک و ئاکاتی کرد و رایگەیاند، کە ئێمە بە هیچ شێوازێک دەستبەسەرکردنی پەرلەمانتارانی پێشووی پەرلەمان کە بۆ مافەکانی ژنان تێکۆشانیان کردوە قبوڵ ناکەین.

هەروەها راگەیەندراوەکە بڕیاری نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ بەگرنگ زانینی رۆڵی پارێزەرانی مافی مرۆڤی ژنانی بەبیر بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیا خستوەتەوە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتوە، کە پێویستە ئاکات و کشناک دەستبەجێ ئازاد بکرێن، دەوڵەتی تورکیا لەبەرامبەر دۆخی تەندروستی هەموو ئەو ژنانەدا بەرپرسیارە کە دەستبەسەریان دەکات.

ژنانی پارێزەری مافەکانی مرۆڤ رێکخراوێکی نێودەوڵەتییە و بەرگری لە مافەکانی ژنان دەکات.

(ش ب)