# JINHAبێدەنگ ناکرێت: یەکەم ئاژانسی هەواڵی ژنان لە جیهان داخرا

09:19

ژنها


ناوەندی هەواڵ – یەكەمین ئاژانسی هەواڵی ژنان لە 8 ی ئاداری 2012 دەستی بەكاركردن كرد، دوای چوار ساڵ لە تێکۆشان ئەمڕۆ لەلایەن حکومەتی ئاكەپەوە داخرا.

ژنها هەتا ئەمڕۆ بە هۆشیاریی دەینوسی: " ئێمە بەشێوەیەک بیرناکەینەوە، کە پیاوان دەیکەنەوە'، بوو بەدەنگی ژن و منداڵ و هەموو چینی ژێردەست، ئەمڕۆ ئێوارە بە بڕیارێکی ئاكەپەوە داخرا.
.
ژنها لەسەر بنەمای پێویستیەکانی ژن هەواڵنێری دەكات، كەس ناتوانێت بێدەنگی بكات، لەبەرامبەری ئەوەیە کە پیاو نەبێ ناتوانێ بیر بکاتەوە بڕیار بدات و بنوسێت.

لیژنەی وەزیران دوو بڕیاری دەركرد بە ژمارە(675 و 676) بەگوێرەی ئەم بڕیارانە ئاژانسەکەمان ژنها و ئاژانسی هەواڵی دیجلە و ڕۆژنامەی ئازادیا وڵات كە بەكوردی كاردەكەن، داخران.

ژنها، دەنگی تێكۆشانی ژنان

ئێمە وەك ئاژانسی هەواڵی ژن(ژنها) لە8ی ئاداری 2012 بەدروشمی زمانی چاپەمەنی دەگۆڕین، دوای ئێمە چاپەمەنی جیهانیش نەک وەك پێشتر، هەنگاوی نوێی هاویشت، بۆ ئێمە گۆڕینی زمانی پیاوسالارانە، بۆ گۆڕینی بە زمانێکی بێ سەپاندن لەكامێرامان هەتا پەیامنێری و وێنەكێشان هەتا سەرنوسەر، تا ستافی هەواڵ و بەڕێوەبردن، هەموو خەباتكارانمان ژنن، هەڵوێستێكی جیاوازمان نیشان دا وەك ئاژانسێكی ئەڵتەرناتیڤ، هاتینە گۆڕەپان و جێی خۆمان کردەوە.

هەرچەند لەزۆر شوێن توشی كێشە و گرفت هاتین، بەڵام هیچكات كۆڵمان نەدا، سازشمان نەکرد، هەر درێژەمان بە خەبات دا

یەکەم جار ژنها شۆڕشی ژنانی لەڕۆژئاوا ڕاگەیاند

لە ئەنجامی هەڵوێستی پێداگری و تێكۆشانی مافدارمان، دە ڕۆژنامە و تەلەفزیۆن، ساڵانە هەواڵی ئێمەیان وەردەگرت، ئیدی ئێمە وەك سەرچاوە ئاماژەمان پێدەكرا.بەهەوڵ و هەواڵەکانمان بوونی خۆمان سەلماند، توانیمان سات لەدوای سات، هەرچ بابەتێکی پەیوەندی بە ژنان و ژیانیانەوە هەیە، ئامادەبكەین.

پاش ڕاگەیاندنی شۆڕشی ڕۆژئاوا، یەكەم ڕاگەیاندنی جیهانی وەک ژنها پیشانمان ئەوەی لە ڕۆژئاوا دەگوزەرێت شۆڕشی ژنە، جگە لەوەش پەیامنێرمان چوو بۆ ڕۆژئاوا، لەنزیكەوە چاودێری شەڕمان دەكرد.لەگەڵ ئەوەی ژنان لە هەوڵی چارەسەری ئاشتی دا لە توركیا بەشداریان کردبوو، لەهێرشی سەر شەنگال یەك پەیامنێر لەشەنگال بوو ئەویش پەیامنێری ئێمە بوو، ئێستاکە پەیامنێرەكانمان ژمارەیان گەیشتۆتە 100 پەیامنێری ژن، ناوەندەکەمان لە شاری ئامەد و نوسینگەیەکمان لە شاری وانە. هەمان سەركەوتن لەڕۆژئاواش پێك هات، ئێستاکە لە ڕۆژئاوای كوردستان، لەشاری كۆبانی و قامیشلۆ نووسینگەمان هەیە، لە زۆر شاری تر بەتایبەتی لە شەنگال پەیامنێرمان هەیە، لەسلێمانی نووسینگەمان هەیە، لە شارەکانی توركیا ئەنقەرە و ئەستەمبوڵی دوو نوسینگەمان کردەوە.

لە ٨ی ئاداری ئەم ساڵ بەشی کوردی-زاراوەی سۆرانی کرایەوە ئەوەش وەک سەرەتای ئەزمونێکی تازە بوو لە باشوری کوردستان بۆ پێشخستنی ڕۆژنامەگەری ژنان، بڕیار بوو لەماوەیەکی کورتیشدا هەردوو بەشی عەرەبی و فارسی بکرێنەوە.

پەیامنێرانمان لەسەر پیشەی ڕۆژنامەوانی دەستگیرکران
لە ناوچەکەدا ڕۆژنامەوانانمان هەم بەهۆی ناسنامەی ژنبوون هەمیش بەهۆی هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەیان زۆر جار ڕووبەڕووی هێرش بوونەوە و لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە کرانە ئامانج، پەیامنێرمان ویلدان ئاتماجا، بە بیانووی ئەوەی کە وێنەی ئارین میرکانی بڵاوکردۆتەوە، دەستگیرکرا. پەیامنێرمان بێریتان جان ئۆزەر لە ئامەد بە بیانووی بێ بنەما لەسەر کارەکەی دەستبەسەر کرا. پەیامنێرمان ڕۆژدا ئۆغوز لە شاری وان دوای ئازادبوونی ویلدان دەستگیرکرا. لە ئەنجامی تێکۆشانماندا سەرجەم هەڤاڵانمان دەستگیرکران.

کاتێک لە شارۆچکەی جزیرە قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیاندرا، هاوکارانمان چوونە ئەو گەڕەکانەی ڕووداوەکانی لێبوو، ڕۆژنامەوانی شەڕیان کرد. لەو پێواژۆیەدا دەیان جار هاوکارانمان دەستبەسەرکران و ڕووبەڕووی کردەوەی ناشیاو بوونەوە، دەیان جار درانە بەر دەستڕێژی گولـلە و کرانە ئامانجی بۆمب و چەکەکانی سەرباز و پۆلیسی تورک. هەڤاڵانمان بۆ ئەوەی بەردەوامی بە گواستنەوەی ڕاستی ڕووداوەکان بدەن، ڕیگەی ناو زێرابەکانیان دەگرتەبەر. دواین جاریش ئەدیتۆری ئاژانسەکەمان زەهرا دۆغان بە هۆی گواستنەوەی هەواڵەکانی نوسەیبین و دێرک دەستگیرکراو و ئێستاش لە گرتوخانەی شاری مێردین دەستبەسەرە.

لە شەڕدا بە ئامانج گیرا

بە هەمان شێوە لە ناوچەکانی فارقین، سور، سلۆپی، نوسەیبین، دێرک و هەموو ئەو ناوچانەی باری نائاساییان لێ ڕاگەیاندرا، ژنها لەوێ بوو، هەواڵەکانمان وەک خۆی گواستەوە. لە پرۆسەی ئازادکردنی شەنگالدا هەڤاڵانمان تا دواین ڕۆژ لە بەرەکانی جەنگ مانەوە و چەندین جار و چەندین ڕۆژ هیچ پەیوەندیەکمان لەگەڵیان نەدەما. لە ناوچەی سور هەڤاڵانمان کرانە ئامانج، بەو هۆیەشەوە بە سەختی بریندار بوون. هاوکارمان شەهریبان ئاسڵان بە هۆی بەرکەوتنی بۆمبی گازیەوە توشی خوێنبەربوونی مێشک بوو، چەندین مانگ لە نەخۆشخانە مایەوە.

هەواڵنێری لەسەر بنەمای ژن

لە هەوڵ و تێکۆشانی ئەوەداین هەموو هەواڵەکانمان لەسەر بە بنەما گرتنی مافەکانی ژنان بڵاوکەینەوە، هەوڵی ئەوەش دەدەین کە بەو ڕێنماییە هەواڵەکانمان ڕابگەیەنین.

ئێمە وەک ئاژانسی ژنها بووین بە دەنگی هەموو ئەو ژنانەی بێ ڕێزی بە جەستەیان کرا، ئەوانەی لە گرتووتخانەکان ڕووبەڕووی ئەشکەنجە بوونەوە، سەرجەم ژنان لە گۆڕەپانەکانی بەرخودانی پاراستنی جەوهەری و ئەو ژنانەی تێکۆشان بۆ پاراستنی سروشت و ژینگە دەکەن. بووین بە دەنگی ئەو ژنانەی کە کورژان و ڕووبەڕووی ئەشکەنجە بووینەوە.
ژنها بە بڕیاری یاسای سزادان داخرا، سەرەڕای هەمو هێرش، بەربەست، دەستبەسەرکردن و دەستگیر کردنێک ژنها بێ دەنگ نابێت و بەو دەزگایەش بێدەنگ ناکرێت. لەمەودوا ژنها دەبێت بە دەنگی ژنان و تێکۆشانی ژنان.

ژنها دژ بە سزاکانی دەوڵەتی پیاوسالار سەر نانەوێنێت، وەک ئەوەی لە ڕابردووش لەسەر ئەو بنەمایە کاری کردوە "پیاو چ بڕیارێکیش بدات"، بیری لێناکەینەوە و دەنوسین.

ئەو میدیایانەی داخراون ئەمانەن:

ئاژانسی هەواڵەکانی دیجلە(DÎHA)، ئاژانسی هەواڵەکانی ژنان(JINHA)، ڕۆژنامەی ئۆزگور گوندەم(ئەستەنبۆل)، ڕۆژنامەی ئازادی وڵات(ئامەد)، رۆژنامەی هەواڵی یوکسەکیۆڤا(جۆلەمێرگ)، ڕۆژنامەی چاغداش(ئێلح)، ڕۆژنامەی پۆستەی جزیرە(شرناخ)، ڕۆژنامەی گۆنای ئیکسپرێس(شرناخ) رۆژنامەی هەزەخ(شرناخ) ڕۆژنامەی پراستیژ هابەر(وان)، ڕۆژنامەی ئورفاناتیک(ڕوحا)، ڕۆژنامەی کزلتەپە سەسی(مێردین)، گۆڤاری تیرۆژ (ئەستەنبۆل)، گۆڤاری ئەڤرەنسەل کەلتور(ئەستەنبۆل)، گۆڤاری ئۆزگور دونیاسی(ئەستەنبۆل).

(ش ب)