"دەوڵەتی ئێران منداڵ وەک ئامێری باج ستاندن بەرامبەر دایک بەکار دێنێت"

10:25

سۆما مەهابادی / ژنها

کەنەدا – لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسەکەمان، ئاوا هۆما، ژنە ڕۆژنامەنوسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەوڵاتی کەنەدا دەژیت، دۆخی یاسایی و دادوەری ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵدەسەنگێنێت.

ئاوا هۆما، سەرەتا سەرنج ڕادەکێشێتە سەر نایەکسانی ڕەگەزی لەناو کۆمەڵگا و سزاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەڵێت: "ژنان لە سزاداندا لە ئێران وێڕای نەبوونی مافی یەکسان سزای چەند بەرامبەریان هەیە و سزای قورستریان بەسەردا دەسەپێنرێت. جاری وا هەیە تەنانەت بۆ ئەوەی کە دەستدرێژیان نەکرێتە سەر ژنان پارێزگاری لە خۆیان دەکات و سزای سێدارەیان بەسەر دەسەپێنرێت، تەنانەت لە یاسای ئێران گیانی پیاو نرخی چەند بەرامبەری هەیە نسبەت بە ژن، هەر بۆیەش سەرەڕای مافی یەکسانی نیە سزاکەی چەند بەرامبەرە."

ناوبراو سەرنجیشی ڕاکێشایە سەر سزا قورسەکانی سەر ژنان لە ئێران و بەو شێوەیە درێژەی بە هەڵسەنگاندنەکانیدا: "کۆنتڕۆڵ و ژێردەستکردنی کۆمەڵگای پیاوسالار بە گشتی ئاسانترە بۆ چەوساندەوەی حکومەتی ئێران، ئەگەر نیوەی کۆمەلگا بە دەست نیوەکەی تر کۆنتڕۆڵ بکات لە ئەساسدا کار ئاسانیە بۆ ئەو حکومەتە و پێویست ناکات کە دەسەڵات هەم ژن کۆنتڕۆڵ بکات و هەم پیاو. لەو سیستەمە پیاوسالارانە دا پیاو دەبێتە سەرکووتکەری ژن و تەنانەت ژنانیش دەبن بە سەرکوتکەری یەکتر. هەرچی زوڵم لە ناو کۆمەلگا دا زیاتر بێت، کۆنتڕۆڵ کردنی کۆمەڵگا ئاسانترە بۆ حکومەتێکی دکتاتۆری. لە لایەکی ترەوە سەرکووتکردنی بزووتنەوەی ژنان بە گشتی بەرژەوەندی بۆ دەسەڵاتی ئێران هەیە لەبەر ئەوەی کە ئەگەر بزاڤی ژنان سەرکەوتن بەدەست بێنێ ڕێخۆش دەکات بۆ بزووتنەوەکانی تر وەکو بزووتنەوەی مامۆستایان، کرێکار و ئەو بزاڤانە هیوایەکی زۆرتر وەدەست دێنن بۆگەیشتن بە مافەکانیان. هاوکات ئەوە بنەمای دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەلەرزێنێتەوە. هەروەها حکومەتی ئێران مەشڕوعیەتی خۆی لەو چەشنە بنەماڵانە وەردەگرێ کە داب و نەریتی کۆن وپیاوسالارانە لەوێدا هەیەو ژن ڕۆڵی ژێردەست. ئەگەر دەوڵەت مافی ژنێک وەک مرۆڤ بە ڕەسمی بناسێ لایەنگری ئەم بنەماڵەیە لە دەستدەدات، هەر بۆیەش دەوڵەت قەت ئەو ڕیسکەی لەسەر دەسەڵاتی خۆی ناکات. چونکە ئەو چەشنە بنەماڵانە لە واقیع دا مۆدێلی بچوکی دەوڵەتن و نمونەیەکن لەو دەسەڵاتە کە نابێ ژن و پیاو مافی یەکسانیان هەبێت."

ئەو ژنە ڕۆژنامەنوسە باسی لە دۆخی ژنانی ناو زیندانیش کرد و وتی: "تاریکترین بەشی مێژووی ئێران لەسەردەمی دەسپێکی حکومەتی ئیسلامی دوای شۆڕشی گەلان بوو کە دەستدرێژی دەکرایە سەر ژنان بەر لە سێدارەدان، ئەقڵیەتێک کە لە پشت ئەو مامەڵەیە هەبوو ئەوە بوو کە بە بیروڕای ئەوان ژنێک کە بە کچێنی لە سێدارە دەدرێ دەچێتە بە هەشت. خودایەک کە ئەوان باوەڕیان پێی هەبوو ئەگەر بە قەولی خۆیان نەفرەتی هەبوو لە دوژمنی ئیسلام، ئەگەر ئەو کەسە کچ بایە سزای لە لای خودای کەم دەبووەوە. هەر بۆیەش بۆ ئەوەی کە مۆڵەت نەدەن کە بە قەول خۆیان دوژمنانی ئیسلام بچن بۆ بەهەشت شەوێک بەر لە سێدارەدان ژنەکە دەستدرێژی سێکسی دەکرایە سەر و ئەو دەسترێژیان بە زەواج پێناسە دەکرد. هەر لەو کاتەوە دەستدرێژی کردن بە ژن بە گشتی ئامێرێک بۆ سەرکوت کردنی ژن بە تایبەت کە لە کۆمەڵگایەک کە نەک تەنها لایەنگری ناکات، بەڵکو ئەو کەسەی کە دەستدرێژی کراوەتە سەری تەنانەت بە تاوانباریشی دەزانێ. جگە لەوە بابەتێکی تر ئەمەیە کە دەسەڵاتی ئێران زەخت دەخاتە سەر هەستی دایکایەتی ژنان و لە دیتنی منداڵەکانیان بێ بەش دەکات ئەوەش بەشێوازێک باج ستاندن وگوشار هێنانە بۆ ژن بە پێی ئەو ئەقڵیەتە کە پیاو زۆر هۆگری منداڵی نیە و نەدیتنی منداڵ هیچ زەربەیەکی عاتفی لە پیاو نادات کە ئەوە بۆ چوونێکی زۆر چەوت و هەڵەیە. بە گشتی لە بواری کەل و پەلی پێویست و خزمەت گوزاری دەرمانی و تەندروستی بۆ ژن لە بارودۆخێکی خراپتردابووە و پارێزەریان لە بەردەست نیە."

وتیشی: "هەندێک بەند کراوان بە دوور خستنی منداڵەکانیان لێیان ڕیگری لە مانگرتنیان دەکات و هەڕەشەیان لێ دەکات کە ئەگەر مان بگرن مۆڵەت نادەین منداڵەکانتان ببینن. بە گشتی لە حکومەتی ئێران منداڵ بۆ دایکانی بەندکراو وەک ئامێرێکی باج ستاندن کەڵکی لێ وەردەگیرێت جا چ لە ناو زیندان و چ لە ناوژیانیان لە زیندانێکی گەورەتر بە ناو ئێران کە بەرگری بکات لە تەڵاق وەرگرتن مافی ڕاگرتنی منداڵ زیاتر بە پیاوانە، تەنها لە بارودۆخێکی زۆر تایبەت ژن مافی ئەوەی هەبێ منداڵەکەی بستێنێ. ئەمە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە سەر کێشەی ڕەگەزی و دەوڵەتی ئێران بیر لەوە ناکاتەوە ئەو باج ستاندنە بەر لەوەی کە کاریگەری خەراپی لە سەر ژن هەبێ لەسەر منداڵانی هەیە ئەو منداڵە بەشێکە لەو کۆمەڵگایە لە داهاتوو دا ئەو کاریگەریە خەراپە دەبێتە هۆی وەی کە خەساری کۆمەڵایەتی زیاتر بێ. بەڵام بۆ دەوڵەتی ئێران هێچ شتێک جگە لە ڕاگرتنی هێز و دەسەڵاتی خۆی گرنگ نیە و بەلایەوە گرنگ نیە کە ئەو کلیشە ڕەگەزیانە چ خەسارێک لە کۆمەڵگا دەدا."

لەسەر خەباتەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاوا وتی: "باشترین کار ئەوەیە کە لەو کاتە دا باسی بەرجام یان ڕێکەوتنەکانی ٥ +١ لە ئارا دایە باشترین دەەرفەتە بۆ ئەوەی کە ڕێخراوە مافی مرۆڤەکان بە گوشار خستنە سەر وڵاتانی ئەروپا و سیاسەتەکانیان، نەهێڵن کە مژاری مافی مرۆڤ لە ئێران لە پەراوێز بخرێ و قوربانی بەرژەوەندیە ئابوریەکان بێ. یانی تەنیا بۆ ئەوەی کە ئێران بێتە نێو بازاری جیهانی و بە هۆی مەسرەف گەرا بوونی خەڵکی کەڵکێکی یەک جار زۆری هەیە بۆ ئەم بازارە کژاری مافی مرۆڤ پێشێل بکرێ. و ئێران وەک تورکیا و عەڕەبستان تەنانەت چینی لێ بێ کە چوون لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا یەکگرتوون کەس باسی مافی مرۆڤ پێشێل کردنی ئەو مژارە لەو وڵاتانە ناکات.

ناوبراو لە کۆتایشدا دووپاتی کردەوە: "کاریگەری ئەرێنی هەبووە ئێمە نموونەمان هەیە لەسەر ئەو بابەتە کە گوشارێک کە ڕێکخراوی ناونەتەوەیی خستوویەتی سەر ئێران بۆتە هۆی ڕزگاری ژنانێک کە لە مەترسی سێدارە یان سزای قورس دا بوون وەکو سەکینە ئاشتی و نازەنین فەتاحی و نەسرین ستوودە، بەڵام بەهۆی پیاوسالار بوونی ئەم سیستەمە هەموو کات لایەنگری لە پیاو زیاترە و ئێران زیاتر دەترسێ لە زەخت هێنان بۆ پیاوانی دەسەڵات دار تا ژنانی پەراوێز خراو یان ئەوانەی لە دۆخێکی مامناوەند دەگوزەرێنن."

(ش ب)