ئیلهام ئەحمەد: بەرامبەر داگیرکاری بەرخۆدانێکی مێژووی بەڕێوەدەچێت
13:30
بنەوش ساریا-جڤین گرباوی/ ژنها
قامیشلۆ- هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک لە بارەی پلانە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، دەبێ هەموو کەسێک ئاگادار بێت و وتی: بەرخۆدان لە دژی پارچەکردنی سووریا پێش دەکەوێت.
ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک (MSD) دواین بارودۆخی سیاسی ناوچەکەی بۆ ژنها هەڵسەنگاند. ئیلهام دەستنیشانی کرد کە بە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی موسڵ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێڤاژۆیەکی نوێ دەستی پێ کرد و بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانی دا :"ڕزگارکردنی موسڵ بۆ کۆتایی هێنان بە تیرۆر گرنگە و ئەنجامەکەی کاریگەری لەسەر هەرێمەکە هەیەو لەهەمان کاتدا کاریگەری لەسەر ڕەوشی شەنگالیش هەیە، بەدەیان جار شەنگال رووبەڕووی کۆمەڵکوژی بۆتەوەو ئەو هێزەی کە بتوانێ شەنگال بپارێزێت شەنگالیەکان و ئەو هێزانەن کە ئەوانیان ڕزگارکرد. بەڵام دەوڵەتی تورکیا بەبیانووی پەکەکە دەیەوێ لە هەرێمەکەدا خۆی بەجێ بکات، ئەردۆغان دەڵێ 'مێژوومان لە موسڵ و کەرکوکەو دەبێ ئێمە لێرە بین."
"پەدەکە، گۆران و یەنەکە بێ هەڵوێستن و ئەمەش مەترسیدارە"
ئیلهام ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە دەوڵەتی تورکیا بەشداری کردنی لە ئۆپەراسیۆنی موسڵ بە شێوەیەکی ئاشکرا ڕاگەیاندووەو وەها درێژەی بە قسەکانی دا:" پەدەکە ، گۆران و یە نە کە بێ هەڵوێستن و ئەمەش مەترسیدارە. پەدەکە لە گەڵ ئەمریکا و هێزەکانی کوالیسیۆندا گفتوگۆی ئەوە دەکات کە پەکەکە لە هەرێمەکە بکاتە دەرەوە. ئەمە بیانووە، چونکە پەکەکە لە ئۆپەراسیۆنی موسڵدا نیە، ئەردۆغان دەڵێت 'وەک چۆن لە سوریا هەرێمێکی تامپۆنمان درووست کردووە دەبێت لە باشوریش پێشی بخەین و دەڵێت؛ 'کە ئێمە لەگەڵ پەدەکە ڕێک کەوتووین و پەدەکە داوای هاوکاری لە ئێمە کردووە'. هەروەها باسی ئەوە دەکرێت کە سەربازانی تورک بە جلی پێشمەرگەوە چوونەتە هەندێ ناوچە. بەڵام بەداخەوە لەسەر ئەمە هیچ لێدوانێکی پەدەکە نیە. لێرەدا داگیرکردنی باشوری کوردستان و شکاندنی ئیرادەی گەلی باشورو پارچە کردنی ئیرادەی باشوریان لە ئارادایە. ڕاستەوخۆ حکومەتی باشور بە ئامانج گیراوە بەڵام ئەمە وەکو ڕێککەوتن لەگەڵ کوردان پیشان دەدرێت."
"پێویستە هەرکەس بەرامبەر پیلانی دەوڵەتی تورک هۆشیار بێت"
ئیلهام سەرنجی ڕاکێشایە سەر بێدەنگی لایەنە سیاسیەکانی باشورو وتی :"چاوەڕوان دەکرێت پێش هەموو کەس لایەنە سیاسیەکانی باشور هەڵوێست نیشان بدەن و بەئاشکرا بڵێن ئەمە پەسەند ناکەین. لانی کەم پ د ک بیوتایە بەڵێ یان نا، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە دەبێت ڕێکەوتنێک هەبێت. پ د ک دەبێ ئەوە بزانێت کە ئەم جۆرە هاوکاریانە بەواتای داگیرکردنی باشوری کوردستانە. تورکیا دەڵێ 'حکومەتی سوریا ڕەوایەتی نیە، بۆیە من دەتوانم داگیری بکەم'، بەڵام بەهەمان شێوە سەیری باشوری کوردستانیش دەکات. سیاسەتی دەوڵەتی تورک هەم لە ئۆپەراسیۆنی موسڵ، هەم بۆ سوریا سیاسەتێکی دەفاکتۆیە، پلان دادەنێت، دەستێوەردان دەکات و هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکانیش بێدەنگن. لەگەڵ ئەوەی کە حکومەتی عیراق و پارلەمانی ئەو وڵاتە ناڕازی بوونی خۆیان نیشاندا، هیچ بڕیارێک بۆ بەشداری کردنی تورکیا لە موسڵ بوونی نیە، بەڵام خۆی دەسەپێنێت، پڕۆژەکانی پەرە پێ دەدات، پێویستە هەموو کەس هۆشیار بێت."
"داگیرکردنی جەرابلوس دەستێوەردانە لە چارەسەری"
ئیلهام باسی لە پێشکەوتنە سیاسیەکانی ڕۆژئاوا کردو جەختیشی کردەوە :"دوای ڕزگارکردنی منبج ئیرادە، مۆدێل و ڕێکەوتنێک لەنێوان گەلی کورد، عەرەب، چەرکەز، تورکمان و پێکهاتەکانی تر هاتە ئاراوە، بووە کلیلێکی نوێی چارەسەری قەیرانەکانی سوریا. بەڵام داگیرکردنی جەرابلوس بووە دەستێوەردان لەو چارەسەریە. پڕۆژەی داگیرکردنی سوریا دەستی پێکردووە، تورکیا هەم لەلای جەرابلوس هەم لەلای مارع هەتا حەلەبی خستۆتە ناو پڕۆژەی خۆی. ئەمەش بە ڕێکەوتنی هێزە نێونەتەوەییەکان بووە. لە ناوەرۆکی ئەو ڕێکەوتنەدا ئەوە دیارە کە هەرکەس دەیەوێ تورکیا ڕازی بکات. تورکیا ئەو هەمووە هاوکاری چەتەکانی کردووە، گروپی چەکداری بەناوی قەڵغانی فرات دەربازی سوریا کردووەو ئەوانی بێ هێز کردووەو بەو هێزە هەڕەشە لەهەموو لایەک دەکات. هەڕەشە لە ئەمریکا، هێزی کوالیسیۆن، ڕوسیا، سوریاو ئێران دەکات. هەموو کەس دەزانێت ئەمە ئۆپۆزسیۆنێکی میانەڕەو نیە بەڵکو لەبن دەسەڵات داری ئەلنوسرەدایە. ڕێکەوتنەکانیشیان هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ داعشدا زیاتر دەبێت. چەتەکانی داعش هەرێمی مارع-یان ڕادەستی ئەوان کرد. لەسەر ئەوە دەوڵەتی تورک مامەڵە دەکات. ئێستاش ئەو ڕێکەوتنە لەگەڵ ڕوسیا لەسەر حسابی گەلی کوردو گەلی سوریا کراوە."
"دەیانەوێ هەناسەیەکی تازە بدەنە داعش"
ئیلهام باسی لە هێرشەکانی حەلەبیش کردو وتی :"لە بۆمبارانەکانی حەلەبدا خەڵکی سڤیل، ژن و منداڵ و بەگشتی گەلی سوریا دەکوژرێن. ئەو چەکدارانەی ئەو هەرێمانە ڕادەستی هێزەکانی ڕژێمی سوریا دەکەن، خۆیان ڕادەستی تورکیا دەکەن و دواتر تورکیا پڕچەکیان دەکات و دەیان نێرێتەوە شوێنێکی تر. ئەو گروپانەی لە حەما، حمص و حەلەب دوریان خستنەوە هاتنە ئیدلیب و خۆیان دایە دەست تورکیا، ئێستا لە شەهبا لە دژی گەل شەڕ دەکەن. تورکیا زۆر بە ئاشکرا دەڵێ 'من شەڕی پەیەدە – یەپەگە دەکەم'. ئەو بێدەنگیەی لەبەرامبەر ئەم ڕەوشەدا هەیە بەهیچ جۆرێک پەسەند ناکرێت. ئەو هێزەی لە دژی داعش شەڕی کردو سەرکەوت، ئێستا هێرشی دەکرێتە سەرو هەموو لایەکیش بێ دەنگن. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە دەیانەوێ هەناسەیەکی تازە بە داعش بدەن، دەیانەوێ داعش بەتەواوی لەناو نەچێت. ئەگەر هەڵوێستێکیش هەبووبێت ئەوەندە لاواز بووە کە هێرشەکانی ڕانەگرتووە، تەنها دەیانەوێ هەردوولا ڕازی بکەن."
"بەرخۆدان لە دژی پارچەکردنی سوریا پێشدەکەوێت"
ئیلهام بەرخۆدانی هەرێمی ئەلشەهباو کانتۆنی عەفرینی وەکو بەرخۆدانێکی مێژوویی پێناسە کردو وەها بەردەوام بوو :"بەرخۆدانی هێزە شۆڕشگێڕەکانی ئەلشەهبا بەرخۆدانێکی مێژووییە. لە ڕۆژی یەکەمداو لە ئەنجامی بۆمبارانی فڕۆکەکاندا چەندین شەڕوان و هاوڵاتی شەهید بوون، دواتر بەرخۆدانێکی مەزن پێشکەوت و پاشەکشەی نەکرد. ئەم بەرخۆدانە بەرامبەر پارچەکردنی سوریاو شکاندنی ئیرادەی گەلی سوریایە، بەرخۆدانێکی مێژووییە، پیرۆزو بێ وێنەیە. ئەمەش لەلایەن گەلی کورد، عەرەب و هەموو گەلانی هەرێمەکەوە پێش دەخرێت. قەڵغانی فورات کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات و گەلی هەرێمەکەش ناڕازی بوونی خۆیان پەرە پێ دەدەن. هەندێک زانیاری باسی ئەوە دەکەن کە گەلی مارع ناڕازی بوونی خۆیان لە دژی قەڵغانی فرات دەردەبڕن. ئەو هێزەی گوند دەسوتێنن، کۆمەڵکوژی کوردان دەکەن و خەڵکی سڤیل دەکوژن، ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆن نیەو بەرامبەر داعش و هێزە دەسەڵاتدارەکان شەڕ ناکەن، بەڵکو شەڕی گەلی سڤیل دەکەن."
" MSDخەباتی دیپلۆماتیکی دەستپێکردووە"
ناوبراو ئامەژەی بەوەدا کە سیستەمی دیموکراتیک لە سوریا دابمەزرێت، بەرخۆدانی گەل مەزن دەبێت و دووپاتی کرد :"ئەم بەرخۆدانە بەهەموو سوریادا بلاو دەبێتەوە، چونکە گەلی سوریا لە گەلی کوردو پێکهاتەکانی تر جەسارەت و نمونە وەردەگرێت. فێری ئەوە دەبێت کە چۆن بەرگری لەخۆی بکات، ئەوە بۆ ئێمە زۆر بەواتایە. گەلی عەفرین و ئەلشەهبا سەردانەواندن پەسەند ناکەن، پێشکەوتن بە بنەما دەگرن و کۆتایی بە داگیرکاری تورکیا لەهەرێمەکەدا دەهێنن. MSD بۆ ئەوەی هەڵوێستێک لە دژی داگیرکاری دروست بکات، خەباتی دیپلۆماتیکی دەستپێکردووەو لەگەڵ زۆر لایەنی ناو کوالیسیۆن و ئەو لایەنانەی هاوکاری ڕژێمی سوریا دەکەن، چاوپێکەوتن بەردەوامە و هەوڵ دەدەین هێرش و داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا کۆتایی پێ بێنین."
"هێرشەکانی دوایی داگیرکردنی ئیرادەی گەلی کوردە"
ئیلهام لەکۆتاییدا وتی: "لە ئۆپەراسیۆنی سەر جەماعەتی گولەن دا هەموو ڕەنگە بەرهەڵستکارەکانی ناو حکومەت و دەرەوەی حکومەتیان سڕیەوە. دواتر ڕوویان لە هەرێمە کوردیەکان کرد، بەڕێوەبەرە ڕەسمیەکان دەستگیر دەکەن، گرتنی گوڵتان کشاناک، فرات ئانلی، ئایلا ئاکات، هەروەها لە چەند ناوچەیەک قەیوم بۆ شارەوانیەکان دادەنێن. ئەمە تەنها واتای داگیرکردنی ئیرادەی گەلی کوردە. بەکوردان دەڵێ 'یان خۆتان بدەن بەدەستەوە، یان کۆتایی ئێوە بریتیە لە زیندان، لەبەر یەک هەڵوەشاندن و لەناو بردن'. تورکیا لەبەر بەهێزی نیە کە ئەو کارانە دەکات، بەڵکو ئاکەپە لە قەیرانێکی قوڵدایە. ئاکەپە دەیەوێ ئەو قەیرانە بەسەر کوردان دا بسەپێنێت و لە سنورەکانی خۆی بیکاتە دەرەوەو بیهێنێتە سوریاو عیراق. ئایا دەبێت لەبەرامبەردا گەلی کورد بێدەنگ بن؟ یان هەستنە سەرپێ و سەرهەڵدان بکەن؟ بێ دەنگ بوون چارەسەری نیە، پێچەوانەی ئەو؛ بەرخۆدان، لەدژی هەر جۆرە داگیرکاریەکی ئاکەپە و دەوڵەت نیشاندانی ئیرادەیەکی بەهێزو ڕێکخستن بوون گرنگە. دەبێ گەلی کورد یان چارەسەری بەسەر تورکیادا بسەپێنێت، یان ئیرادەی خۆی ڕابگەیەنێت. ئەمە بە لێدوان و خەباتی ڕۆژانە نابێت، بەڵکو بە سەرهەڵدان و بەرخۆدانی گشتی گەلی کورد پێک دێت.. نەک تەنها کورد، هەموو گەلی تورکیاش دەبێ بەرخۆدانی بکەن. دەبێ هەڵوێستێکی ڕاست، بەهێز و لە جێدا نیشان بدەن کە بەدەوڵەتی تورکیا بڵێت 'ئیدی بەسە'."
(ش ب)