ژنانی باشوری کوردستان داوای ئازادی نوێنەرانی گەل لە باکور دەکەن

13:55


ژنها


سلێمانی - ژنانی باشوری کوردستان، دژی دەستگیرکردنی هاوسەرۆکانی هەدەپە و پەرلەمانتارانی هەدەپە، لە شاری سلێمانی گردبونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا و داوایان لە لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوەکان و هەموو ژنان لە هەر چوار پارچەی کوردستان کرد، کە دژ بەم سەرکوتکارییانەی دەوڵەتی تورک یەک بگرن و رووبەڕووی پیلان و هێرشەکان ببنەوە.

لە گربوونەوەکەدا چیا حسێن، چالاکوانی ژنان راگەیەندراوی ژنانی خوێندەوە کە، تیایدا هاتبوو:" دەستگیرکردنی هاوسەرۆکانی هەدەپە و کەجەدە و بەڕێوبەرانی کەژەئا، کە پیشەنگایەتی شۆڕش و تێکۆشان دەکەن، پەرلەمانتاران و هاوسەرۆکانی شارەوانییەکان کە نوێنەر و ئیرادەی گەلی کورد و گەلانی ئازادیخوازی تورکیان، بەتایبەتی ژنان، جگە لە کودەتا بەسەر دیموکراتی لە باکوری کوردستان و تورکیا، ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگا بەرەو شەڕ و گەڕانەوە بۆ دیکتاتۆری و بەردەوامکردنی داگیرکاری، هیچی تر نییە".

ژنان، بانگەوازییان لە لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوەکان و هەموو ژنان کرد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، کە دژ بەم سەرکوتکارییانەی دەوڵەتی تورک یەک بگرن و رووبەڕووی پیلان و هێرشەکانی دەوڵەت ببنەوە.

هەر لە گرتبوونەوەکەدا پەیامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لەلایەن پەروین عەزیز و پەیامی ڕێکخراوی پەیوەندیەکانی ئافرەتانی کورد (ڕێپاک)، لەلایەن بوشرا عەلی خوێندرایەوە.