"بەیەک دەنگی دەتوانین ڕووبەڕووی هێرشەکانی تورکیا ببینەوە"

09:28




ژنها

سلێمانی - ژنانی باشوری کوردستان، دژی دەستگیرکردنی هاوسەرۆکانی هەدەپە و پەرلەمانتارانی هەدەپە ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی و ڕایانگەیاند: بە هاودەنگی و هاو هەڵوێستی دەتوانین کۆتایی بە هێرشەکانی سەر گەلی کورد بهێنین لە باکوری کوردستان.

لەو بارەیەوە فەرزانە عەلی چالاکوانی مەدەنی وتی: دەبێت نەک تەنها لە باشور بەڵکو لە ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا باکور و سەرانسەری جیهان بە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بڕژێینە شەقامەکان، بەتایبەتیش پەیامم بۆ ژنان ئەوەیە لە باشوری کوردستان خاوەنداری لە خوشک و براکانمان بکەین لە باکوری کوردستان.

هەروەها شیرین تاهیر نوسەر ڕایگەیاند: ئێمە هاتووین تا ڕووبەڕووی ئەو هێرشانە ببینەوە کە لە بەرامبەر نوێنەرانی گەل و سەرکردە شۆڕشگێرەکانی باکوری کوردستان، بەڕێوەدەچن، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت دەسەڵاتێکی تاکڕەوی بەڕێوەببات. هەر بۆیە بە هەرجۆرێک دەستیان کردوە لە بەرامبەر گەلی کورد. لە باکوری کوردستان خەباتی ژنان لە ئاستێکی بەرزدایە بۆیە ئێمەش وەک ژنانی باشور هاتووین خاوەنداری لەو دەنگە بوێرەیان بکەین.

لای خۆشیەوە ڕۆناک مەجید لە کۆمسیۆنی ژنان لەناو تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان ئاماژەی بەوەدا، تورکیا دەیەوێت بە گرتنی پەرلەمانتار و هاوسەرۆکانی هەدەپە، کۆتایی بە بەرخۆدان بێنێت، ناوبراو جەختیشی کردەوە: "دەبێت دەوڵەتی تورکیا ئەوە باش بزانێت کە هەر تاکێکی کورد سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەنێکە. ئامانجی دەوڵەتی تورکیا سڕینەوەی کوردانە، بەڵام ئەوەش پەلەقاژەی ئەرۆدۆغانە. لێرەوە داواش لە گەلی کورد لە هەر شوێنێک دەکەین بە یەکدەنگ بڕژێنە شەقام."

هەروەها مەهاباد شاسوار چالاکوانی ژنان لەو بارەیەوە وتی: "داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کە چیتر بێدەنگ نەبن و هەرچی زووە نوێنەرانی گەل لە باکوری کورستان ئازادبکرێن.
(ش ب)