گەرمیان، سەدان كەس لە دژى دەستگيركردنى هاوسەرۆكان و پەڕلەمانتارانى هەدەپە رژانە سەر شەقام
09:36
ژنها
کەلار - ئێوارەى دوێنێ لە شارۆكەى كەلارى ناوەندى ئيدارەى گەرميان، بە بەشدارى ژمارەيەكى بەرچاو لە حزب و لايەنە سياسييەكان و رێكخراوەكانى كۆمەڵى مەدەنى و كەسايەتى ئاينى و كۆمەڵايەتى و رۆشنبيران و جەماوەرى سنورەكە، خۆپيشاندانێكى نارەزايەتى دژى دەستگير كردنى هاوسەرۆكان و پەڕلەمانتارانى هەدەپە بەڕێوەچوو.
كاتژمێر ٣:٣٠ سەرلەئێوارەى دوێنێ شەممە، لە شارۆچكەى كەلارى ناوەندى ئيدارەى گەرميان، بە بەشدارى ٢٠ حزب و لايەنەسى سياسى (جگە لە پارتى ديموكراتى كوردستان) و ژمارەيەك لە رێكخراوى كۆمەڵگاى مەدەنی و كەسايەتى ئاينى و كۆمەڵايەتى و رۆشنبير و رۆژنامەنووس و جەماوەرێكى بەرچاوى سنورەكە، ڕێپێوانێكى جەماوەرى لە بەردەم پاركى لەيلا قاسم تا ناوبازاڕى گشتى شارۆچكەى كەلار ئەنجامدرا.
سەرەتاى رێپێوانەكە بە خولەكێك وەستان بۆ رێزگرتن لە خوێنى شەهيدان دەستى پێكرد، سەدان هاوڵاتى بە وتنەوەى دروشمەكانى " تيرۆرست ئەردۆغان "، " ئازادى ئازادى بۆ هەڤاڵان ئازادى "،" هێرش و دەستگيركردن ئيرادەمان ناشكێنێت"، دەستيان بە ڕێپێوانەكە كرد.
لە كۆتايدا رێپێوانەكەدا، لاوان ئەحمەد وتەى كۆميتەى ئامادەكارى چالاكييەكەى خوێندەوە و تيايدا هاتبوو:" ئێمە وەك حزب و رێكخراو و كەسايەتى و مامۆستاى ئاينى و زانكۆ و پەيمانگاكان و رۆژنامەنووسان لە گەرميان، لە رێگەى ئەم رێپێوانەوە بەتوندى ئيدانە و شەرمەزارى گرتن و هێرش كردنە سەر هاوسەرۆكان و پەڕلەمانتارانى هەدەپە و كەسايەتييە سياسى و كۆمەڵايەتييەكانى باكورى كوردستان دەكەيەن".
ئەوەش هاتبوو:" ئەو رەشبگيرييەى ئاكپارتى ئەمە بە كارى نامرۆڤانە و ناديموكراسى دەزانين، ئەم جۆرە مامەڵەكردنەش هيچ خزمەت بە پرۆسەى ئاشتى و ديموكراسى ناكات لكە توركيا خۆى بانگەشەى بۆ دەكات".
هەروەها مامۆستا تەها گەرميانى مامۆستاى ئاينى وتەيەكى پێشكەش كرد و وتى:"ئێمە لێرەدا كە ئەمڕۆ لەم چالاكييەمان ئەنجامدا، بۆ شەرمەزاركردنى رەشبگيرييەكەى ئاكەپەيە كە بەناوى خوا و بەناوى قورئانەوە دەنگێكى زۆرى كۆ كردەوە لە توركيادا، ئاكەپە دەستى كردووە بە رەشبگيركردنى برايانمان لە باكورى كوردستان، بەناوى تيرۆرست و بەناوى ئەوەى كە پشتيوانى تيرۆرست دەكەن، ئەوان تيرۆرست نين، ئەوە تيرۆرستە كە لە شرناخدا خەڵك بە بێتاوان دەكوژێت، ئەوە تيرۆرستە كە لە كوردستاندا خەڵك دەكوژێت و كوشتن و كوشتار دەكات".
(ش ب)