ژنانی گەنجی تێکۆشەر بۆ ٢٥ی نۆڤەمبەر ریزە چالاکی ئەنجام دەدەن

12:30



ژنها

سلێمانی - ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر بە بۆنەی 25ی نۆڤەمبەر(رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان) لە رۆژی 25/11 هەڵمەتێکی چالاکی سمینار و پەروەردەی ژنان دەستپێدەکەن لە تەواوی شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا.

دوا نیوەڕۆی دوێنێ ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر لە بارەگای رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان(رژاک) لە شاری سلێمانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان سازکرد و تیایدا کار و چالاکییەکانی خۆیانیان ئاشکرا کرد.

تەوار عادل، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر، لێدوانەکەی خوێندەوە کە تیای هاتبوو: ژن بەواتای ژیانە هەموو پێناسەی ژیانی کۆمەڵایەتی لە ناویدا کۆدەبێتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری ژن بوو بە پلەی دووەم لە ژیاندا، بەڵام لەبەرامبەر ئەم بارودۆخەدا ژنان کۆڵیان نەدا لە تێکۆشان.

لە لێدوانەکدا ڕادەگەیەنن: بەهەزاران ژن بوون بە قوربانی لەم پێناوەدا و هەتا رۆژی ئەمڕۆش ئەو تێکۆشانە بەردەوامە بە تایبەت لە کەسایەتی هەرسێ خوشک کە ناسراوان بە خوشکانی میراباڵ کە چۆن لە 25/11/1960 دا بوون بە قوربانی بەدەستی دەسەڵاتداران لە بەرامبەر ئەوەی کە دەستدرێژی و توندوتیژیان لە بوارەکانی جەستەیی دەروونی فیکری سیاسی دا پێ قبوڵ نەدەکرا و لە دژی وەستان.

ژنانی گەنج دەڵێن: ئێمە وەک ژنانی گەنجی تێکۆشەر سەردانانەوێنین و تێکۆشان قووڵتر دەکەین بە تایبەت لەلایەنی فیکریەوە، هەتاوەکو لایەنەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و سەربازی و ئابووری و پێویستە ژنان تێیدا جێگە بگرن، چونکە هەر جێیەک ژنی تێدا نەبێت جێگەیەکی سەقەت و دواکەوتووە بۆ ئەمەش بانگەوازی دەکەین لە هەموو ژنان بۆ ئەوەی بتوانن لە زیهنیەتی پیاو سالاری دووربکەونەوە و خۆیان پەروەردە بکەن و هۆشیار ببنەوە و بەشداری خەباتی ڕێکخستنی ژنان ببن.

لە کۆتایی لێدوانەکەدا هاتبو:" ئێمە وەکو ژنانی گەنج لە رۆژی بەرەنگاری توندوتیژیدا هەڵمەتێکی چالاکی سیمینار و پەروەردەی ژنان دەستپێدەکەین لە تەواوی شارو شارۆچکەکانی کوردستاندا وە داوا لە تەواوی ژنان دەکەین بەشدارببن".
(ش ب)