بەر لە شەهیدبوونی: ئێمە نوێنەرایەتی ڕۆژهەڵات دەکەین لە ناو بەرخۆدانی ڕۆژئاوا

12:33




ژنها

ناوەندی هەواڵ - ئادار ئارارات، ژنە شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان، بەر لە شەهید بوونی لە چاوپێکەوتنێکیدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان وەک شەڕڤانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەناو یەکینەکانی پاراستنی ژنان و یەکینەکانی پاراستنی گەلدا نوێنەرایەتی ڕۆژهەڵاتن لە ناو بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان.

ئادار ئارارات خەڵکی شاری ماکۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەو یەکێک لە نزیکەکانی هەڤاڵی تێکۆشەر ڤیان پەیمانە و لە هەمانکاتیش لە یەک خانەوادەن. ئەو شەڕڤانە ژنە یەکێکە لەو شەڕوانانەی بەشداری بەرخۆدانی کۆبانێ بووە. ئادار لە ٥ی ئەم مانگەدا لە ناوچەی گوندی قەدریەی نزیک بەنداوی تشرین لە ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ پۆلێک لە هەڤاڵانی گەیشتە کاروانی نەمران. بەر لە شەهید بوونی لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵدا لە چاوپێکەوتنێکیدا لە گەڵ گەلاوێژ ئەورین لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەو شەڕڤان و فەرماندە ژنە باس لە شەهیدبوونی بەرخۆدانی کۆبانێ و کەسایەتی ڤیان پەیمان دەکات.

ناوبراو سەرەتا دەڵێت: "شەڕی کۆبانێ شەڕی مان و نەمان بوو، شەڕێکی دژوار بوو. بێگومان پێشەنگایەتی ژنی کورد لەو بەرخۆدانەدا سەرنجی هەرکەس و تەواوی جیهانی ڕاکێشا."

"ئێمە وەکو نوێنەری ژنانی ڕۆژهەڵات بەشداری ئەو بەرخۆدانە بووین"

شەڕوانی یەپەژە هۆکاری هاتنی خۆی بۆ کۆبانێ بەم جۆرە پێنسە دەکات :"ژن و منداڵان لەبەردەم کۆمەڵکوژیدا بوون، بۆ ئێمەش جیاوازی نەبوو لەکوێ تێبکۆشین. وەک ژن، بۆ ئێمە ئەوە گرنگ بوو کە بتوانین گەلەکەمان لە کۆمەڵکوژی ڕزگار بکەین، چونکە نمونەی شەنگال لەبەرچاومان بوو. لەلایەکی تریشەوە ئێمە وەکو نوێنەری ژنانی ڕۆژهەڵات بەشداری بەرخۆدان بووین."

"لە بەرەکانی شەڕدا، لەسەر بێ تەل گۆرانی بۆ هەڤاڵان دەوت"

ئادار ئارارات بەم شێوەیە باسی هەڤاڵ "ڤیان پەیمان" دەکات :"ڤیان لە قوڵایی ناخیدا هەستی بە ئێش و ئازارەکانی گەلەکەی دەکردو لەڕێی گۆرانیەوە ئەو هەستەی خۆی دەهێنایە سەر زمان. زۆرتر بە دەنگ بێژی هەستەکانی پێناسە دەکرد. ڤیان چەندین جار بریندار بوو بەڵام بە پێداگری خۆی دەیویست دەگەڕایەوە کۆبانێ و شەڕ بکات. ڤیان دەیوت ئەگەر یەک ڕۆژ ژیانی من هەبێت با بۆ ئەو گەلەو منداڵەکانی کۆبانێ بێت. هەمیشە گۆرانی دەوت، بۆ نمونە لە بەرەکانی شەڕدا لەسەر جیهازی قسە کردن گۆرانی بۆ هەموو هەڤاڵان دەوت. هەڤاڵان ورەو مۆراڵیان لە دەنگی ئەو دەگرت."

ئادار ئارارات باس لەوە دەکات کە لە کاتی شەڕی کۆبانێدا بەیەکەوە نەماونەتەوە چونکە کە ئەو هاتووە بۆ کۆبانێ ڤیان بریندار بووەو لە ژێر چاودێری و چارەسەریدا بووە. ئارارات وەها بەردەوام دەبیت :"ئەو کاتە گۆرانیەکی بۆ کۆبانی تۆمار کرد دەیوت، دەیوت ئەمەوێ بۆ هەموو منداڵانی کۆبانێ گۆرانی و هۆنراوە بڵێم.

"ڤیان ئەوینداری شاخەکانی گابار بوو"

مرۆڤ هەرچی بۆ ڤیان بکات هێشتا کەمە. ئەوەی کە بنەمایە ئەوەیە مرۆڤ بتوانێ شێوازی تێکۆشانی ئەو بەردەوام بکات. ئاواتی هەرە گەورەی ڤیان ئەوە بوو کە لە مەیدانەکانی باکور بمێنێتەوەو شەڕ بکات. پێشتریش لە باکوری کوردستان مابۆوەو زۆر حەزی لە هەرێمی گابار دەکرد. خۆشەویتی زۆری بۆ خەڵکی باکور هەبوو، بە پێداگری و پێشنیاری خۆی هاتە کۆبانێ و بەشداری بەرخۆدان بوو

"دەمەوێ هەست و ئاواتی هەڤاڵان بنوسم"

ئادار ئارارات دەسنیشانی کرد کە ڤیان پەیمان کاریگەری گەورەی لەسەر خەڵکی ڕۆژهەڵات دروست کردو لەهەمان کاتدا لەناو هەڤاڵانیشیدا زۆر خۆشەویست بوو. ئادار ئارارات سەبارەت بە پێناسەکردنی هەستی خۆی دەڵێ :"من وەک هەڤاڵ ڤیان گۆرانی ناڵێم، بەڵام هەوڵ دەدەم بەتایبەت ئەو شتانەی کە لە کاتی شەڕی کۆبانێدا تێیدا ژیام، بەنوسین ئاشکرا بکەم. بەگشتی کاتێ مرۆڤ تەنها دەبێت دەتوانێ هەستەکانی بنوسێتەوە، بەڵام لەکاتی شەڕو پێکداداندا ئەوە زەحمەتە. لەدوای پرۆسەی بەرخۆدانی کۆبانی من هەمیشە هەوڵم دا ڕۆژمێری خۆم بنوسمەوە، بەتایبەت لەسەر ئەو هەڤاڵانەی لە تەنیشتی من شەهید بوون. هەست و ئاواتی چەندین هەڤاڵ کە لە تەنیشتی مندا شەهید بوون، بۆ ئەوەی بە ناتەواوی نەمێننەوە، هەمیشە لە هەوڵدام بیان نوسمەوە."

"ژیانێکی ئاسایی بۆخۆی پەسەند نەدەکرد"

لە وەڵامی پرسیاری ئێمەدا کە ئەگەر ڕۆژێک بتەوێ لەسەر ڤیان پەیمان بنوسی، چی دەڵێی :" ڤیان خۆشەویستنی ژیان و گرێدان بەژیانەوە دەهێنێتەوە بیری مرۆڤ. کاتێ مرۆڤ باسی ڤیان دەکات گابار دێتەوە بیری، لەبەر ئەوەی یەکێک لە ئاواتەکانی ئەوە بوو کە لە هەرێمی گابار بمێنێتەوە. ژیانێکی ئاسایی بۆخۆی پەسەند نەدەکرد. ڤیان کاتێ لەماڵیش بوو ئەو تایبەتمەندیەی هەبوو کە سەری بۆ کەس نەوی نەدەکرد. خۆشەویستی و گرێدانێکی زۆری بۆ هەڤاڵ و خاک هەبوو. زۆر بە واتا ژیانی دەکردو نەیدەویست بە ئاسایی ژیان بکات.
(ش ب)