جیهان شێخ ئەحمەد، وتەبێژی توڕەیی فرات کێیە؟

12:37




ژنها

ڕەقا ـــ جیهان شێخ ئەحمەد یەکێک لە دامەزرێنەرانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) یە. لە شاری ڕەقا گەورە بووەو ئێستاش وتەبێژی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فراتە کە بۆ ڕزگار کردنی ڕەقا دەستی پێ کردووە.

جیهان شێخ ئەحمەد وتەبێژی فەرمی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فرات لە ساڵی ١٩٨٤ لە شاری ڕەقا چاوی بە ژیان هەڵهێناوە. بنەماڵەکەی زیاتر لە ٤٠ ساڵ لە ڕەقا ماونەتەوەو لە عەشیرەتی شەدادیە.

جیهان قۆناغی سەرەتایی لە خوێندنگەی هەواری بۆمدین و قۆناغی ناوەندی لە خوێندنگەی ئەبی عەلا ئەلمەعری و ئامادەیی لە خوێندنگەی هونەرە جوانەکان خوێندووەو دواتر پەیمانگای هونەرە جوانەکان تەواو دەکات و لەچەندین خوێندنگەی شاری ڕەقا وانەی بێژی کردووە.

جیهان ڕۆژگاری منداڵی لە کۆڵانەکانی ئیبراهیم هەنانۆ لە ڕۆژئاوای وێستگەی قیتار بەسەر بردووە. لەو گەڕەکانەی کە دانیشتوانەکەی عەرەب بوون گەورە بووەو پەیوەندیان لەگەڵ هاوسێ عەرەب و کرستیانەکان لەسەر بنەمای برایەتی، یەکسانی و خۆشەویستی بەردەوام بووە.

شۆڕش دەستی پێ کرد

بە دەستپێکردنی شۆڕشی سوریاو ڕۆژئاوا، جیهان بەشداری ڕیزی یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG بوو. لە چەندین بەرەی شەڕی ڕۆژئاوا لە دژی چەتەکانی داعش و ئەل نوسرەدا بەشدار بووە. فەرماندە جیهان شێخ ئەحمەد لە بەرخۆدانی سەرێکانیدا لە ساڵی ٢٠١١ بریندار دەبێت و دوای مانەوەی بۆ ماوەی مانگێک لە نەخۆشخانەی سەرێکانی لەبەر گرانی برینەکەی و ڕەوشی مەترسیداری تەندروستی ناچار بوو بچێتەوە شاری خۆی "ڕەقا" و لەوی چارەسەر بکرێت.

بەدیل گیرا

جیهان کاتێ بەمەبەستی چارەسەری چووە ڕەقا، شارەکە لە بن دەستی هێزەکانی ڕژێمدا بوو. سوپای ئازاد ئەوکاتە ئامادەکاری بۆ گرتنی شارەکە دەکرد، ئەوکاتەی کە سوپای ئازاد دەربازی هەرێمەکە بوون، جیهان ڕووی لە کانتۆنی جزیرە کرد و لەوێ لەلایەن چەتەی گروپەکانی سوپای ئازادەوە بەدیل دەگیرێت و بۆ ماوەی دوو هەفتە لە دەستی ئەواندا دەمینێتەوە کە دواتر لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ)، ڕزگار دەکرێت.
جیهان لەدوای ڕزگار بوونی جاریکی تر دەگەڕێتەوە بەرەکانی شەڕو لە بەرخۆدانەکانی سەرێکانی، باشوری چل ئاغا، گرکێ لەگێ و تل کۆچەرو هەموو ئەو دەڤەرانەی تردا بەشدار دەبێت.

دامەزراندنی قەسەدە

جیهان شێخ ئەحمەد یەکێک لە دامەزرێنەرانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیکەو بە ئیرادەیەکی مەزنەوە بەشداری ڕزگارکردنی شارەکەی دەکات. لەسەرەتای دەستپێکردنی هەڵمەتی توڕەیی فرات بۆ ڕزگارکردنی شاری ڕەقاو دەوروبەری، فەرماندە جیهان وەکو وتەبێژی فەرمی ژووری ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فرات بەشداری هەڵەمەتەکە بوو.
(ش ب)