ڕەنجی ژنانی سەوزە فرۆش لە سەر شەقام

12:00



ژوان بیتوێنی / ژنها

سلێمانی – لە شاری سلێمانی و دەوروبەری ڕۆژانە بە دەیان ژن لەسەر شۆستە و شەقامەکانی ناوبازاڕ ئەو بەروبومانە دەفرۆشن کە بەدەستی خۆیان کۆیان کردۆتەوە.

ژنان به کۆکردنەوی گژ و گیا لە گوند و کوێستانەکان، ڕەنج و ماندووبوونی زۆر دەکێشن تا دەگەنە ناو شار و پاشان بەرهەمەکانیان دەفرۆشن، یەکێک لەوانەش پورە حەلاوە.

پورە حەلاویش وەک هەموو ژنانی ڕەنجدەر و ماندوونەناس چەندین جۆر گیای خۆڕسک دەفرۆشێت. ئێستاش لە وەرزی پایزدا چەندین جۆر گژو گیای بەسود لەناو باخ و ڕەزەکاندا دەڕوێن، لەوانە تۆڵەکە، گیا باخچە و هتد...

هاوڵاتیان بە خۆشحاڵیەوە لەو خەبات و ماندووبوونەی ژنان دەڕوانن، هەر بۆیە دەڵێن؛ جێگەی شانازیە کە ژنانێک بە ڕەنجی دەستی خۆیان شانبەشانی ئەندام و کەسوکاریان کار دەکەن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان.

وەک دەزانرێت ماوەی زیاتر لە ساڵێکە بە هۆی ئاڵۆزی سیاسی، قەیرانێکی قوڵی ئابوری سەرجەم جومگەکانی کۆمەڵگای گرتۆتەوە، هەر بۆیە دەستپێشخەری ژنان بۆ دووبارە دەستپێکردنەوە کاری کشتوکاڵ و پشتبەستن بە بەروبومە خۆماڵیەکان لە دۆخێکی ئاوادا گرنگی تایبەتی خۆی هەیە. چونکە لە سایەی سیستەمی بێکارکردن و مشەخۆری ڕێژەی چاندنی کشتوکاڵ لە ماوەی دەسەڵاتی باشوری کوردستان کەمی کردوە.
(ش ب)