ژیانی هاجەر پیری لە ژێر مەترسیدایە

12:10




ژنها

ناوەندی هەواڵ - بەپێی راپۆرتی ناوەندی چالاکوانانی مافی مرۆڤی کوردستان، هاجەر پیری زیندانییەکی سیاسی کورد نزیکەی نۆ ساڵە کە بۆ زیندانی کرمان دوور خراوەتەوە و لە هەموو مافە یاساییەکانی بێبەش کراوە.

هاجەر پیری کچەکوردێکی بەندکراوی خەڵکی شاری نەغەدەیە و تەمەنی ٣٣ ساڵە، پیری لە مانگی ئایاری ٢٠٠٧دا لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە دەستبەسەرکرا و پاش دوو مانگ مانەوە لە زیندانی نەغەدە گوازرایەوە بۆ ئیتلاعاتی شاری ورمێ، هاجەر پیری بۆ ماوەی پێنج مانگ لە زیندانی ئیتلاعاتی شاری ورمێ لە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەرونیدا بوو.

هەروەها ناوبراو لە ئەیلولی ساڵی ٢٠٠٧دا لە بنکەی یەکی دادگای شۆڕشی ورمێ دادگاییکرا و بەتۆمەتی ئەندامێتی لە حزبێکی رۆژهەڵاتی کوردستان و کارکردن دژی ئاسایشی نەتەوەیی بە ١٧ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ زیندانی کرمان سزا درا.

هاجەر پیری هەشت ساڵ و شەش مانگە لە زیندانی کرمان و لەگەڵ کۆمەڵێک قاچاغچی ژیان بەسەردەبات و لە دۆخێکی ناجێگیری تەندروستیدایە، ئێستاکە تووشی هەوکردنی قەفەسەی سنگ بووە.

شاری کرمان ١٦٥٣ کیلۆمەتر لە شاری ورمێوە دوورە، واتە خێزانی هاجەر پیری تەنانەت ئەگەر رێگاشیان ێبدرێت سەردانی بکەن هاتوچۆ بۆیان زۆر سەختە.
(ش ب)