چاغلار دەمیرەل: بێگومان سەردەکەوین

09:53




ژنها

ئەنقەرە – چاغلار دەمیرەل، لە کۆبووەنەوەی ئەمڕۆی فراکسیۆنی هەدەپەدا دووپاتی کردەوە کە ئەوان بە دڵنیاییەوە سەردەکەون.

یەکەم کۆبوونەوەی فراکسیۆنی هەدەپە پاش دەستگیرکردنی هاوسەرۆکان و پەرلەمانتارانی هەدەپە بەڕێووەچوو، نوێنەر و باڵوێزی ٣٨ وڵات و چەندین حزبی سیاسی دیکە بەشدار کۆبوونەوەکە بوون، لەبەر ئەوەی لە هۆڵی کۆبوونەوەکەدا جێگا نەمابوو، کورسی بۆ هەموو ئامادەبووان دانرا.

لە هۆڵەکەدا لەسەر وێنەی هاوسەرۆکان و پەرلەمانتارانی هەدەپە پانکاردێک هەڵواسرا کە لەسەری نووسرابوو:"ئێمە سەردەکەوین".

لە کۆبوونەوەکەدا دروشمی"هەدەپە گەلە، گەل لێرەیە و لەبەرخۆدانماندا سەردەکەوین"، وترایەوە.

لەدەستپێکی کۆبوونەوەکەدا چاغلار دەمیرل، سەرۆکی نوێنەرانی فراکسیۆنی هەدەپە قسەی کردو رایگەیاند:" دەستگیرکردنی پەرلەمانتارانی هەدەپە درێژەی گورزێکە کە لە ٧ی حوزەیرانەوە دەستیپێکردبوو، ٧ی حوزەیران ئیرادەی ٦ ملیۆن کەس هەڵپەسێردرا، ئێمە دژی هەموو سەرکوتەکان بەرخۆدان دەکەین، بڕیاری خۆمان لە مەیدانی سیاسەتی دیموکراتی دەدەین و بێگومان سەردەکەوین".

پاش قسەکانی دەمیرل، پەیامی فیگەن یوکسەکاغ، هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە کە لە زیندانەوە ناردبووی خوێندرایەوە.

پەیامی یوکسەکداغ بەم شێووەیە بوو:" کە هیچ شتێک ناتوانێت هیوا و بەرخۆدانمان لەناوببات، ئێمە وەکو هەدەپە لە ناوخۆ و لە دەرەوەش ئەڵتەرناتیڤی دیموکراسی و ئازادین، ئەوانیش لەمە دەترسن، نابێ ورەی کەس دابەزێت، نابێ بیرمان بچێت کە ئەم هێرشانە لەبەر ترسیانە لە ئێمە".

پاشان پەیامی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی گشتی هەدەپ خوێندرایەوەو کە تێیدا هاتبوو:"نابێ بیرمان بچێت کە ئەم هێرشە دژی دیموکراسیە، لە دۆخی سەرکوتی وەکو ئێستادا پێویستە دژی فاشیزم تێکۆشانی هاوبەش بکەین، ئیمپراتۆریی ترس لەبەرامبەر تێکۆشانی ئێمەدا هەڵدەوەشێت، ئێمە باوەڕمان بە دیموکراسی ون ناکەین و لە هەموو دۆخێکدا بەردەوام دەبین لە تێکۆشانەکەماندا، سڵاو لە هەموو ئەو هاوڕێیانە دەکەم کە لە دەرەوەن و بەردەوامن لە خەباتەکاندا، سڵاو دەنێرم بۆ هەموو ژنان و بۆ گەنجان".