حزبی هەمبەستەگی (یەکگرتوویی) ئەفغانستان: هاودەنگ لەگەڵ هەدەپەین

09:57

حزبی هەمبەستەگی (یەکگرتوویی) ئەفغانستان: هاودەنگ لەگەڵ هەدەپەین


ژنها

ناوەندی هەواڵ - حزبی هەمبەستەگی ئەفغانستان پشتگیری خۆی بۆ پارتی دیموکراتی گەلان بە بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوێکی فەرمی راگەیاند.

لە راگەیەندراوی حزبی هەمبەستەگی کە لەلایەن سیلی غەفارەوە خوێندرایەوە هاتووە:" ئەمڕۆ هیتلەرێکی دیکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتوەتە سەرکار، ماوەیەکی زۆرە کە دەستی کردووە بە دەستگیرکردن و کوشتنی گەل، ئێستاش دەمامکەکەی لابردووە و بەئاشکرا هێرشی کردووەتە سەر سیاسەتمەداران و نوێنەرانی پارتی دیموکراتی گەلان و دەستگیری کردوون، ئەم کردەوەیەی ئەردۆغان پەیامێکە بۆ دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە تا بەئاشکرایی دەستبکەن بە سەرکوتی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە ئێمە بەنیاز بووین بۆ پشتگیری پەرلەمانتارانی هەدەپە خۆپیشاندانێکی ناڕەزایی لە بەردەم باڵوێزخانەی تورکیا ئەنجامبدەین، بەڵام دەوڵەتی ئەفغانستان وەکو برابچوکی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا کاردانەوەی بوو و رێگای بەمە نەدا و ناڕەزاییەکانی لە هەندێک گەڕەکی دیاریکراوی کابول سنوردارکرد، بۆیەش نەمانتوانی نەفرەتمان لە دەوڵەتی فاشیستی تورکیا لە بەردەم باڵوێزخانەی تورکیا لە کابول پیشانبدەین.

لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، ئێمە بانگەوازی لە هەموو هێزە دیموکراتیکەکان و ئازادیخوازەکانی جیهان دەکەین، کە پشتگیری شۆڕشگێران و خەباتکارانی کوردستان و تورکیا بکەن و داوای ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان بکەن.

لەکۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە:" ئێمە هاوڕێی خەباتی ماندوونەناسی گەلی گەورەی کوردین دژی ستەم و فاشیزمی تورکیاین، خەباتی ئێوە بۆ یەکسانی و عەدالەت، خەباتی خەڵکی ئەفغانستانیشە و لەم رێگایەدا لەگەڵ ئێوە دەوەستین".
(ش ب )