'یەژەشە' هەڵمەتی تۆڵەسەندنەوەی ژنانی ئێزیدی دەست پێکرد
10:38
ژنها
شەنگال – یەکینەکانی ژنانی شەنگال (یەژەشە) و یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال(یەبەشە) دەستپێکردنی (ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوەی ژنانی ئێزدی)یان راگەیاند.
ئەمڕۆ ڤیان شەنگال، وەکو ئەندامی ئەنجومەنی سەربازی یەژەشە لەبەرامبەر هەموو رێکخراوەکانی ژنان و ئازادیخوازان راگەیەندراوی یەژەشەی خوێندەوە و دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوەی ژنانی ئێزدی راگەیاند.
ڤیان شەنگال :" دوو ساڵ بەسەر فەرمان و هێرشی دڕندانەی چەتەکانی داعش بۆسەر شەنگال تێپەڕدەبێت، ئێمە وەکو ژنانی ئێزدی لەو فەرمانەدا ژیاین، ئەو فەرمانە قورسترین و بێ ڕەحمانەترین کوشتاری سەردەمی ئێمە بوو، رۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤، دایکان، خوشکان، برایان، باوکان و منداڵانی ئێمە کۆمەڵکوژکران، هەزار ژن و منداڵ رفێندران و لە بازاڕە کۆیەلەداریەکاندا فرۆشران، دەستدرێژیان کردە سەر ژنان و ئەشکەنجەیان دان، ئەوانەی خۆیان رادەستی چەتەکان نەکرد دڕندانە کوژران و لەبەرامبەر چاوی هەموواندا سوتێندران، گوند و شارەکانمان تاڵانکران و سوتێندران، ئێزدیەکان لە خاکی پیرۆزیان جیاکرانەوە و بوون بە پەنابەر، ئێمە قڕکردنێکمان تێپەڕکرد، کە ئازارەکانی تاهەتایە لەبیرناچنەوە".
هەروەها جەختیشی کردەوە:" ئەو کاتەی ئەو ئازارانە بەسەرماندا هات، زۆرکەس ئێمەیان بەجێهێشت، هەڵهاتن و لەدوورەوە سەیریان کردین، تەنها شەڕڤانانی رێبەر ئاپۆ بەهانامانەوە هاتن و لە سایەی ئەوانەوە لەناونەچووین، بەیارمەتی ئەوان جارێکی دیکە هەستاینە سەر پێ، بەهێز و ورەی خۆمان تۆڵە لە داعش دەکەینەوە".
ڤیان شەنگال، وتیشی:"ئێمە وەکو ژنانی ئێزدی لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ بەدواوە توڕەییمان گەورەترکرد، خۆمان رێکخست بۆ ئەوی شەڕبکەین بۆ تۆڵەسەندنەوەی ژنانی ئێزدی وئەرکی ئازادکردنی شەنگالمان لەدەستی چەتەکانی داعش گرتوەتە ئەستۆ".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد:" لەو شوێنانەی یەپەگە و یەپەژە سەرقاڵی رزگارکردنیانن و هەروەها بە تێکۆشانی ئێمە وەکو یەژەشە و یەبەشە سەدان کچ و منداڵی ئێزدی لەدەستی چەتەکان رزگارکران، بەڵام هێشتا هەزاران ئێزدی لەدەستی چەتەکان و ژێر دەسەڵاتی ئەواندا ماون، ئێمە قەت ئەو ژنانەی لە موسڵ فرۆشران و ئەو کچانەی کوژران لەبیرنابەینەوە، دەزانین کە ئێزدیانی دەستی چەتەکانی داعش چاوەڕێی ئێمەن رزگاریان بکەین، ئێمە وەکو ژانانی ئێزدی دەڵێین، کە تاکو ژنان و کچانمان لەدەستی چەتەکان رزگار نەکەین، ناوەستین و بەردەوام دەبین لە تێکۆشان".
راگەیەندراوی یەژەشە بەم شێوەیە درێژەی هەبوو: ئێمە وەکو ژنانی ئێزدی نابین بە کۆیلەی هیچ کەسێک و هیچ هێزێک، تۆڵەی ئەو ژنانە دەکەینەوە، کە لەژێر دەسەڵاتی داعش ئازاریان چێشتووە دەکەینەوە، رزگارکردنی گوندەکانی ئێزدخان و ژن و منداڵانی ئێزدی لەدەستی چەتەکانی داعش بە ئەرکی خۆمان دەزانین و ئۆپەراسیۆنی (تۆڵەسەندنەوەی ژنانی ئێزدی) دەستپێدەکەین.
ڤیان شەنگال، وتیشی: بانگەوازی لەهەمووی جیهان دەکەین، کە لەبەرامبەر ستەم و زۆرداریدا بێدەنگ نەمێنن، داوا لە هەموو ئەوانە دەکەین، کە ویژدانیان هەیە، تێکۆشانی هاوبەشمان لەگەڵ بکەن، داوا دەکەین لە هێزەکانی یەژا ستار و یەپەژە و شەڕڤانانی ئازادی کە لە سەرتاسەری کوردستان بۆ ئازادی ژنان شەڕ دەکەن، هەروەها داوا لە هەموو رێکخراوەکانی ژنان و هێزە دیموکراتیەکان دەکەین، کە پشتگیریمان بکەن لەم ئۆپەراسیۆنەدا، سەرکەوتنی ئێمە لەداهاتوودا دەبێتە هۆی سەرکەوتنی هەموو ژنان.
شەڕڤانانی یەژەشە پاش خوێندنەوەی راگەیەندراوەکە دروشمەکانی " بژی سەرۆک ئاپۆ" و "ژن ژیان ئازادی"یان وتەوە.
(ش ب)