سەرەڕای تراژیدییای ژیانی هێشتاش گەشبینە

11:08




ژنها

حەلەب – خەدیجە وەک بەهەزاران ژنیتری گەڕەکی شێخ مەقسود لە شاری حەلەب، کە لە سەختترین دۆخی ژیانیان دەگوزەرێنن، سەرەڕای هەموو زەحمەتیەکانی ژیانیش گەشبینە بە ئایندەی خۆی و ٩ منداڵەکەی.

خەدیجە ئیبراهیم (٣٨ ساڵان) ژنێکی بەڕەچەڵەک عەرەبی نیشتەجێی گەڕەکی شێخ مەقسودە، ئەویش وەک هەزاران ژنیتری ئەو شارە لەناو دۆخێکی سەخت شەڕی مان و نەمان لەگەڵ ژیان دەکەن.

دایکێکی بریندار

لە ڕۆژی ٥ ی نیسانی ئەمساڵدا بەهۆی تۆپبارانی چەتەکانی داعش بۆ سەر گەڕەکی شێخ مەقسود، خەدیجە بە سەختی بریندار دەبێت، بەو هۆیەشەوە دەستی ڕاستی توشی ئیفلیج بوون دەبێت. ئەوەش دەبێتە هۆکارێکیتر بۆ ئەوەی خەدیجە ڕووبەڕووی زەحمەتی زۆرتر ببێتەوە لەناو ئەو شەڕدا کە بۆتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژنەیان.

ژیان لە ناو شەڕدا

خەدیجە لەو بارەوە دەڵێت: "ڕۆژانە دەست بەکاروباری ماڵ دەکەم و هەر ڕۆژە پارچەیەک لە کەلوپەلی ماڵ دەسوتێنم بۆ منداڵەکانم چێشتی پێ ئامادە دەکەم، بەڵام بەرەو سەرمای زستان دەڕۆین و نازانم ئاخۆ لەو زستانە چارەنوسمان چی دەبێت."

بە شیر بژێوی ژیانی خۆیان دابین دەکەن

بنەماڵەی خەدیجە بە شیری مەڕێک بژێوی ژیان یان دابین دەکەن، ئەوان ڕۆژانەچەند مەڕێکیان هەیە دەیاندۆشن و شیری کەی دەفرۆشن. خەدیجە وتی:"ئەگەر ئەم مەڕەم نەبوایە ئەوا حاڵی ئێمە زۆر خراپ دەبوو. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەموو پێداویستییەکانمان ناتوانین دابین بکەین و زۆر جار منداڵەکانم بە سکی برسی دەخەون.