ژنانی ڕەقا: ئیدی بە خەندەوە هەناسیەکی ئازاد دەدەین

15:07

سەرگوڵ شێخۆ/ ژنها

ڕەقە - دوای دەسپێکردنی هەڵمەتی توڕەیی فورات ژنانی گوندەکانی دەوروبەری ڕەقە بە هیوای دووبارە گەڕانەوە بۆ شوێنی خۆیان دەژین، ژنان ڕادەگەیەنن، ئیتر لە ژێر زوڵم و زۆری داعش ڕزگاریان دەبێت، و بە هاتنی قەسەدە بۆ ڕەقە هیوای ژیانێکی نوێیان هەیە.

بە دەستپێکردنی هەڵمەتی توڕەیی فورات و ڕزگار کردنی زۆرێک لە گوندەکانی ڕەقە و ڕزگار کردنی ژمارەیەکی زۆری ژنان و هاوڵاتیانی ئەو دەڤەرە، هیوای هاوڵاتیان بۆ گەڕانەوەیان بۆشوێنی خۆیان هەتا دەچێت گەورەتر دەبێت. زوڵەیخا بۆزۆ یەکێکە لەو ژنانەی کە لەژێر دەستی چەتەکانی داعش ڕزگاری بووە. زوڵەیخا ژنێکی کوردە و بەم شێوەیە باس لە دڕندەیی داعش دەکات:" چەتەکانی داعش ژنان وەک کۆیلە بۆ خۆیان بەکار دێنن و هەموو جۆرە دڕندایەتیەکیان لە بەرامبەر بەکار دێنن. چەتەکانی داعش نەیان دەهێشت ژنان جلی ڕەنگاو رەنگ لە بەر بکەن و کاتێک دەچونە دەرەوە ئەگەر بەتەنیا بوایە ئەوا دەیان گرت و هێندەیان لێدەدان تا دەیان کوشتن، لەکاتی خۆ ڕزگارکردن لە دەستی داعش گەیشتینە هێزەکانی قەسەدە و ئاوان خاوەنداریان لە ئێمە کرد."

وەدیحە حەیاد کە ژنێکیترە و خەڵکی گوندی ئەل حوریەیە و ئاماژە بەوە دەدات کە ماوەی دوو ڕۆژە ئێمە لە ناو کامپدا دەمێننەوە و بەم شێوەیە درێژە بە قسەکانی دەدات: "هێزەکانی قەسەدە ئێمەیان هێنایە ناو کەمپەکان و یارمەتی ئێمەیان دا، چەتەکانی داعش زۆر بە شێوەیەکی دڕندانە ئێمەیان دەفرۆشت. ئێمە هیچ کاتێک رووی ژنەکانمان نەدەدیت، چونکە هەمیشە جلی ڕەشمان لە بەر بوو و چاومان داپۆشرابوو، ئێمە زۆر خۆشحاڵین کە ئێستا دەتوانین بە ئازادی بژین.

وەدیحە وتی:"چەتەکان خولێکی پەروەردەی ١٥ ڕۆژیان بۆ منداڵ،گەنجان،ژن و پیاوەکان ڕیکدەخست، دەیانویست بە پەروەردە فکری خۆیان لە ناو مێشکی منداڵەکاندا جێ بکەەوە. سەرەڕای ئەوەی کە ئێمە لە ماڵی خۆمان دوریی بەڵام زۆر خۆشحالین کە ئێستا دەتوانین بە ئازادی بژین.

ژنانی گوندی 'ئەلحیشا'ش خۆشحاڵی خۆیان بە هاتنی هێزەکانی قەسەدە هێنایە سەر زمان، ژنانن ڕایانگەیاند کە هێزەکانی سوریای دیموکراتی ئەوانیان ڕزگار کرد بەو هۆیەشەوە دەتوان هەناسە بدەن و پێبکەنن، بە بێ ئەوەی کەس زوڵمیان لێبکات.

(ش ب)