ژنانی ڕۆژئاوا: بە تێکۆشانی ژنان توندوتیژی کۆتایی دێت

15:14

ژنها

سلێمانی – ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕادەگەیەنن، تەنها تێکۆشانی ژنان دەتوانێت کۆتایی بە ئەقڵیەتی دەسەڵاتگەرایی پیاوسالاری بێنێت کە دەبێتە هۆی چەوساندنەوەی ژنان.

بە بۆنەی 25ی نۆڤەمبەر ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان کۆنگرەی ستار لە شاری سلێمانی سمینارێکی سازکرد ، سەرەتای سیمینارەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی دەستی پێکرد، پاشان جیهان خەلیل، نوێنەری کۆنگرەی ستار لە باشوری کوردستان لە سیمینارەکەدا قسەی کرد و بە تێروتەسەلی باسی لە مێژووی ئەو رۆژە و ئامانجی سیمینارەکە و رۆڵی ژنانی بەشەکانی کوردستان و دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەکانی ژنان کرد.

ژنانی بەشداربووی سمینارەکە کە زیاتریان پێکهاتبوون لەئەو ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان کە لە باشوری کوردستان دەژین.ژنان وێڕای ئیدانە کردنی هەر جۆرە توندوتیژیەک، ئاماژەیان بە ڕێبازەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی سەر ژنان کرد.

عەبیر مەحمود، ژنێکی کانتۆنی جزیرە لە باشوری کوردستان وتی:"هەموو جۆرە توندوتیژیەک دژی ژنان شەرمەزار دەکەین، پێویستە ژنان بەرامبەر ناعەدالەتی بوەستنەوە و هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێن، ئێستا رۆژ رۆژی ژنانە کە خۆیان بەرەو پێشەوە بەرن و وە هیوادارم ژنان سەرکەوتووبن." ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە تاکە ڕێگای چارەسەری بە تێکۆشانی تێدەپەڕێت.

عەبیر جەختیشی کردەوە کە لە ئێستادا بە پێشەنگی ژنان ئۆپراسیۆنی ڕەقە بۆ بنەبڕ کردنی دوژمنانی ژن و مرۆڤایەتی بەڕێوەدەچێت.

لای خۆشیەوە دایە زەینەب ژنێکی کانتۆنی کۆبانێیە و وتی: "پێشتر وەک ژنان نەماندەتوانی لەماڵ دەرچین، ئێستاش لە سایەی ڕێبەر ئاپۆ ئێمەی ژنان توانیمان ببین بە خاوەن ئیرادەی خۆمان، نمونەی تێکۆشانی ژنان ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان دیار کە ژنان دەتوانن ڕووبەڕووی هەر هێرشێک ببنەوە،"

هەروەها جیهان عەلی ژنێکیتری ڕۆژئاوای کوردستانەو لەو بارەیەوە وتی: " ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر توندوتیژی پەرەی سەندوە، داوا لە ژنان دەکەم کە کۆیلایەتی قبوڵ نەکەن و خۆیان بەرەو پێشەوە ببەن، مافی خۆیان بزانن و داوای مافەکانی خۆیان بکەن لەبەرامبەر کۆمەڵگای پیاوسالاردا، ژنانی کورد لە ریزەکانی یەپەگە و یەپەژە کە خەبات دەکەن مایەی شانازین."

(ش ب)