پێنجوێن، بەڕێوەچوونی زنجیرە چالاکیەکە بۆ ڕۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەر

09:47

ژنها

پێنجوێن - لە قەزای پێنجوێن بەدەستپێشخەری ڕژاک و لە ژێر دروشمی "با له‌ ٢٥ ى نۆڤه‌مبه‌ر، رێکخستنبوون و پاراستنى جه‌وهه‌رى ژن له‌ هه‌موو گۆڕه‌پانه‌کانى ژیان بونیاد بنێین"زنجیرە چالاکیەک بەڕێووەچوو.

دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەمە ٢٠ی ١١- ٢٠١٦ لە میانەی بەرنامەی کارو چالاکیەکانی یادی ٢٥ ی نۆڤەمبەر ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سەر ژنان، لە قەزای پێنجوێنی سەر بە شاری سلێمانی ڕیزە چالاکیەک بەڕێوەچوو.

کاتژمێر ٠١:٠٠ دوا نیوەرۆ لەسەر توندوتیژی سەر ژنان سمینارێک بەڕێووەچوو، سمینارەکە بە دەستپێشخەری ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان ڕژاک و لەلایەن چنور غەریب ئەندامی دەستەی ڕێوەبەری ڕژاکەوە پێشکەشکرا.

لە سمینارەکەدا دەیان کەس بەشداریان کردو و سەرەتا بە ڕێزگرتنی شەهیدان بەڕێوەچوو، پاشان چنوری غەریب قسەی کردو باسی لە واتا و مێژووی ئەو رۆژە کرد، هەروەها سەرنجی ڕاکێشایە سەر تێکۆشانی ژنانی کورد لە بەرامبەر ئەقڵیەتی پیاوسالاری.

سمینارەکە دوای کاتژمێرێک بە سەرنج و ڕوانینی بەشداربووان کۆتایی هات.

پاشان لە هەیکەلیەکەی پێنجوێن چالاکیەکی گردبوونەوە بەڕێووەچوو، لەو چالاکیەشدا هەر یەک لە لێدوانی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان و رێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر خوێندرایەوە.

لێدوانی ڕێکخراوی ژنانی ئازاد لەلایەن هەڤاڵ تانیا خوێندراەوە و کە تیایدا هاتبوو: " لە ڕۆژی بیرهێنانەوەی خوشكانی میرابال دا، یادی هەموو ئەو ژنانەی بوونەتە قوربانی ئەقڵیەتی دەسەڵاتداری و هەموو ئەو ژنانەی لە رێگەی تێكۆشاندا شەهید كەوتن بەرز ڕادەگرین و بەڵێنی خۆمان لە بەرامبەریان نوێ دەكەینەوە. سڵاوی گەرم ئاراستەی ژنە شۆڕشگێڕە شەڕڤانەكان، شەڕڤانانی ئازادی و چالاكانی ژن دەكەین لە سەرانسەی جیهان. سڵاو و حورمەت دەنێرین بۆ ئەو دایكانەی ڕۆڵەكانیان پێشكەشكردوە بە تێكۆشان. بە بڵندكردنی بەرخۆدان لەناو تێكۆشانمان لە پێناو ئازادی ژندا كۆتایی بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری و فاشیزمگەرا دێنین، چونكە باوەڕمان وایە كە ژیانێكی ئازاد و یەكسان بە پێشەنگی ژنان بونیاد دەنرێت."

هەر لە بەردەوامی لێدوانەکەدا هاتبوو: "ئێستا لە هەموو كاتێك زیاتر توندوتیژی باڵی كێشاوە بەرسەر كۆمەڵگادا، لەسەر دەستی هێزە هەژمونگەراكانی شارستانی، بەشێوەیەكی سیستەماتیك، بە پلان و ڕێكخستوو توندوتیژی لەسەر ڕەگەزی ژن بەڕێوەدەچێت. ژنان ڕۆژانە، سات بەسات، لە هەموو شوێنێكدا ڕووبەرووی توندوتیژی دەبنەوە، توندوتیژی جەستەیی كە بە شێوەیەكی كرداری هێرش دەكرێتە سەر جەستەی ژن یان دەستدرێژی دەكرێتە سەر، مێژووی ئەو توندوتیژیەش بۆ سەرەتای ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە كە ژنان بە زەبری هێز بەكۆیلە كراون، توندوتیژی دەرونیش بریتیە لەو گوشارە دەرونیانەی بە ئامانجی چەوساندنەوەی ژنان بەكاردەهێنرێن، ئەو توندوتیژیەش هۆكارێكە بۆ زیادبوونی چەندین دیاریدەی وەك خۆكوژی، نەخۆشی جۆراوجۆر و داڕمانی كۆمەڵگا و هتد... . ماوەی ٢٠٠ ساڵە قەیران، كائیۆس و شەڕ بەسەر ئەم هەرێمەدا دەسەپێنرێت، کوردستانیش بۆتە ناوەندی سێیەمین جەنگی جیهانی. لە هەمانكاتدا ئەو جێگایەكە كە مۆدێلێكی ئەڵتەرناتیڤیشی تێدا پێشدەكەوێت هەر ئێرەیە. چونکە لەو شوێنەی کە ونمان کردوە دەبێت بۆی بگەڕێین، ئێستاش لە بەرامبەر هەموو داگیرکاریەک بەرخۆدانی زهنیەتی ئازادی ژن، لە زۆربەی زۆری كوردستان زەمینەی سەركەوتنی شۆڕشی ژن بونیادنراوە. "

ڕژاک جەختیشی کردەوە: " باشوری كوردستان لە ماوەی حوكمڕانی دەسەڵاتی كوردی ژنان نەیانتوانیوە پێگەیەكی بەهێز لە ناو هەموو كایەكانی ژیاندا بەتایبەتی لە كایە سیاسیەكاندا بەدەستبێنن، ئەوەش واتای ئەوە ناگەیەنێت لە پێناویدا خەبات نەكراوە، بەڵكو دیارە كە سیستەمی دەسەڵات لە باشوری كوردستان سیستەمێكە دوور لە بنەماكانی ئازادی و یەكسانی و دادوەری، هێزی دەسەڵاتدار لە گۆر بەرژەوەندیەكانی دەوڵەتانی داگیركەر ئاراستەی سیاسەت دیاریدەكەن و هەتا لە دارشتنی یاساكانیشدا بەرژەوەندی داگیركەران بەبنەما وەردەگرن. بۆیە هەمیشە دەیەوێت ئیرادەی ژنان لە ژێر سێبەری دەسەڵاتەكەیدا و دوور لە ناسنامەی ژن بوون بمێنێتەوە."

هەر لە لێدوانەکەی ڕژاک هاتبوو: "سیستەمی هەمۆژەنی پیاوسالار لە ئازادبوونی ژنان دەترسێت و دڵەڕاوكێیەتی. بەڵام هێزەكانی یەژاستار و یەپەژە و "یەژەشە" بە شەڕكردن بەرامبەر خوێنمژترین رێكخراوی جیهان وەڵامی ئەو سیستەمەیان دایەوە. وەك ژنانی كورد لە ڕۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەر پەیاممان مەزنتركردنی تێكۆشانی ئازادی ژن و بڵندكردنیەتی.دەبێت تێكڕایی ژنان لە دەستی توندوتیژی پیاوسالاری رزگار بكرێن، ئەو بابەتە چەندە گرنگی خۆی هەیە، ئەوەندەش تێكۆشان و ڕێكخستنی هاوبەشی ژنان لەسەر بنەمای خەباتێكی بە هەرەوەزی و ڕادیكاڵ گرنگە. بۆ پێشخستنی زهنیەتی ئازادی لەناو ژناندا، لەسەرەتاوە دەبێت ئێمە خەباتێكی ئاكادمیایی و پەروەردەیی بكەین. ڕزگاری ژنان بە ڕێكخستنی هاوبەشی ژنان پێكدێت، پاراستنی جەوهەریش بە ڕێكخستن بوونی ژنان پێكدێت. وەك ژنانی كورد لە سەر ڕێناماییەكانی ڕێبەرایەتی ژنی ئازاد رێبەرمان عەبدوڵڵا ئۆجالان، كە بۆ ئازادی ژنان پێشیخستوون بەردەوامی بە خەباتەكانمان دەدەین. "
لە کۆتایی لێدوانەکەشدا هاتبوو: "لە ٢٥ ی نۆڤەمبەر ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سەر ژنان، وەك ڕێكخراوی ژنانی ئازادی كوردستان لەم ڕۆژەدا هەموو ژنان و گەلانی سەركوتكراو بانگهێشتی تێكۆشانی هاوبەش دەكەین. ژنان بە تێكۆشانی هاوبەش دەتوانن بەسەر توندوتیژی و جیاكاریەكان سەركەون، توندوتیژی تاوانێكی دژە مرۆڤایەتیە، لە سەرەتاوە لە بەرامبەر ژنان پێكهاتوە. لە قۆناغی ئاییندەدا لەبەرامبەر پەرەسەندنی ئاستی فاشیزمی پیاوسالاری، ئەركی بنەڕەتیمان بەرخۆدانی هەمەلایەن بڵند بكەین. لە بەرامبەر بەرخۆدانی ژنێكی بەڕێكخستوو، فاشیزمێكی پیاوسالاری نیە كە نەڕوخێت. وەك ژنان بۆ پارێزگاریكردنی خۆمان لە بەرامبەر هەر جۆرە كردەوەیەكی توندوتیژی، بەر لە هەرشتێك پێویستیمان بە سیستەمێك هەیە كە ژیانی ئازاد و یەكسان تێدا بەرجەستەكرابێت، بۆ سەرخستنی ئەوەش كاركردن و بوون بەڕێبواری ئەو ڕێگایە، یەكەم هەنگاوە بەرەو ئازادی چوون, وەك ژنان دەتوانین ئەوە سەربخەین."
پاشان لێدوانەکەی ژنانی گەنجی تێکۆشەر لەلایەن ئەوین بەهمەن خوێندرایەوە و بە دروشمی ژن ژیان ئازادی کۆتایی بە چالاکیەکە هات.

جێگەی ئاماژەیە هەر لە چوارچێوەی کاروخەباتەکانیدا بەو بۆنەیەوە ڕژاک لەو شارەدا خولێکی پەروەردەیی بۆ ژنان ڕێکخستوە و ڕۆژانە لەسەر مێژووی تێکۆشانی ژنانی لە پێناو ئازادی و چەندین بابەتی پەیوەندیدار بە پرسەکانی ژنان پەروەردە بەڕێوەدەچێت.

ئەو خولە کە ماوەکەی دوو حەفتەیە بە ئامەدەبوونی دەیان ژن هێشتاش بەردەوامە.