توندوتیژی سەر ژنان کەمی نەکردوە، لەو پەڕی مەترسی دایە

12:02

ژنها

سلێمانی - توندوتیژی دیاریدە یاخود ئەو تایبەتمەندییەی مرۆڤە کە دوای کۆتایی هاتنی کۆمەڵگەی سروشتی سەری هەڵداوە، توندوتیژی جۆری زۆرە وەک: توندوتیژی جەستەیی، دەروونی، توندوتیژی دژ بە تاک یان بەکۆمەڵ، توندوتیژی کۆمەڵایەتی و توندوتیژی سیاسی و سەربازی، کە هەموویان لە ئەنجامی زاڵبوونی ئەقڵیەتی دەسەڵاتداری و پیاوسالاری پەرەی سەندون، بەڵام توندوتیژی سەر ژنان بەردەوامترین و قوڵترین توندوتیژیە، تا بەڕۆژی ئەمڕۆمان دەگات ڕۆژبەڕۆژ بڵاو بۆتەوە، پەڵ و پۆی داکوتاوە بۆ ناو سەرجەم ڕیشەکانی کۆمەڵگە بە دامەزراوەکانیشیەوە. ناتوانین لە دیاردەی توندوتیژی بگەین بەدەر لەو کێشە و گرفتانەی کە پەیوەند و ئاڵکاون بە چەند ڕەهەندێکی جۆراوجۆرەوە کە پێویستە لێکۆڵینەوەیان لە بارەوە بکرێت. ئەو ڕەهەندانەش کە پێکەوە تێئاڵکاون بریتین لە ڕەهەندە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابورییەکان، زانستی و ژینگەییەکان.

لە باشوری کوردستان هۆکارگەلێک هەن کەبوونەتە هۆی بەردەوامی زیادبوونی توندوتیژیەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە، لەوانەش ئاماژە بە چەندێکیان دەکەین و سەرنجی ژنان لەسەر ئەو ئامارانەی باس لە کەمبوونەوەی توندوتیژی دەکەن دەکەین.

هەژاری، ڕێژەی هەژاری لەدوای هاتنی ئاوارەکانەوە کە ژمارەیان نزیکەی ٢ ملیۆنە و بەهۆی شەڕی داعش و نەناردنی بودجە لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان، ڕێژەی هەژاری ٥% بەرز بووەتەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە پێش ئەم دۆخەی ئێستا ڕێژەکە ٣.٥% بووە و لە ئێستادا بۆ ٨.٥% بەرز بووەتەوە.

هەر بۆیە قەیرانی دارایی یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی توندوتیژی ناو خێزانە و هەڵدەکشێت تا بە ئاستی کوشتنی ژنان.

یاسا، بەشێک لە یاساکانی هەرێمی کوردستان و عێراق هەرچەند هەمواریش کراونەتەوە، بەڵام کاریان پێناکرێت، زیادبوونی هاوسەرگیری تەمەنی خوار ١٨ ساڵ، خەتەنەی مێینە، فرەژنی، لەشفرۆشی، بازرگانی کردن بە ژنانەوە، کوشتنی ژنان، کوشتن و شێواندن و فڕێدانی تەرمەکانیان، مارەبڕی لە دەرەوەی دادگا، دوورخستنەوەی ژنان لە شوێنی کار، توندوتیژی لە شوێنی کار، بە سزانەگەیاندنی بکوژانی ژنان و چەندین دیاریدەیتر لە چوارچێوەی کارپێنەکردن و نەبوونی یاسای پێویست ڕۆژبەڕۆژ لە پەرەسەندن دان.

بە گوێرە ئامارە حکومیەکانی باشوری کورستان و ئەو لە ئەمساڵدا توندوتیژی بە گوێرە ساڵانی ڕابردوو کەمی کردوە، ئەمەش جێگەی پرسیارە، چونکە ئەمە لە کاتێکدایە کە هەڵوەشانەوەی خێزان، هاوسەرگیری تەمەن خوار ١٨ ساڵ، خۆکوژی زیادی کردەوە. لەو بارەیەوە تەلار لەتیف ئەندام پەڕلەمانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "تا ئێستا لە باشوری کوردستان هیچ دەزگایەکمان نیە تایبەت کار لەسەر ئامارەکانی توندوتیژی بکات، تا بڵێین ئەو ئامارانەی لە دەزگاکان ڕادەگەیەندرێن فەرمی بن. هەروەها هەموو ئەو سکاڵا و توندوتیژیانەش لەلایەن دەزگا حکومیەکانەوە تۆمار ناکرێن. هەر بۆیەش گەر ئامارەکان وەک خۆی بڵاو ناکرێنەوە مانای ئەوە نیە توندوتیژی کەم بۆتەوە، بە پێچەوانەوە لە ئەنجامی ئەو قەیرانەی ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان هاتوە توندوتیژی لە هەموو کاتێک زیاتری کردوە. چونکە وەک ئەو ئامارانەی پێمانگەشتوون لە جیابوونەوە، خیانەتی هاوسەرگیری، لەشفرۆشی و دزی پێمان دەڵێن کە توندوتیژیەکان زیادی کردوە نەک کەم.

لە وەڵامی پرسیاری یاساکانی هەرێمی کوردستان تا چەند بوونەتە هۆکاری بەردەوامی توندوتیژی تەلار لەتیف وتی: " بەدڵنیاییەوە کۆمەڵێک لە یاساکانمان نەک بوونەتە هۆکاری پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، بەڵکو هۆکارن بۆ زیادبوونی توندوتیژی، بە یاسا هەموارکراوەکانیشەوە، وەک یاسایی باری کەسی، یاسایی سزادانی عێراقی و یاسایی لەشفرۆشی، چونکە چەندین بڕگە و بڕیار هەن وەستێنران و کاریان پێناکرێت، بە بیانووی ئەوەی دژن لەگەڵ یاساکان و لەگەڵ دەستوری عێراقی ناگونجێن، لە کاتێک دەتوانین بڵێین تا ئێستا چ بڕگەیەکی عێراق کاری پێکراوە، تا بڕگەکانی مافەکانی ژنان بوەستێنرێن.

تەلار لەتیف ئاماژەی بەوەش کرد کەدەبێت ژنان لای خۆشیانەوە بەتایبەت لە هەوڵی ئەو بن کە چاودێری دۆخی ژنان بکەن بەتایبەتیش لە ئەنجومەنەکانی شارەکان، کە پەڕلەمانی بچوکن و گرنگی تایبەتی خۆیان هەیە.

هەروەها ڕۆژنامەوان سەمیرە محەمەد، لەو بارەیەوە وتی: " بەڕای من هۆکار گەلێک هەیە بوونەتە هۆی ئەوەی ئامارەکان وەک خۆیان بڵاونەکرێنەوە، یەکێک لەوانە کەمی چالاکی ڕێکخراوەکانی ژنان و داخستنی هەندێک لە ڕێکخراوەکان بە هۆی قەیرانی دارایی و بە زەحمەت دەست گەشتن بە ئامارەکان، هەروەها بە هۆی ئەو تێڕوانینەی لە کۆمەڵگەدا پێشخراوە کە ژنان ڕوونەکەنە ڕێکخراوەکان لە کاتی هەبوونی کێشەکان، وەلاخستنی بابەتەکانی ژنانە کە ناگاتەوە بە ڕێکخراوەکان."

ناوبراو جەختیشی کردەوە کە ژنان هۆشیارترن لە ساڵانی پێشوو بەڵام گەر خۆکوشتن هەیە کەواتە ئەو پەڕی ڕادەی توندوتیژیبوونی هەیە،وتیشی: گەر ئامارەکان ئاماژە بە کەم بوونی توندوتیژی بکەن و لەلایەن حکومەتەوە بکرێت، مەرسیدارە و سەرپۆشکردنی ڕێژەی توندوتیژیە لە چاوی میدیادا شاردنەوەیە، یان دەخوازرێت کۆمەڵگە وەک کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو دوور لە کێشەوە پیشانبدرێت.

هەر لە سەر زیادبوونی توندوتیژی ئاشکرا نەکردنی داستان ڕەسوڵ مەعروف، ئەندامی دەستەی ڕێوەبەری ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، هەر لە سەر ئەو بابەتەەوە وتی: "توندوتیژی دژ بە ژنان مێژووێکی دوورو درێژی هەیە لە جیهاندا، لە باشوری کوردستانیش بوونی هەبووە و هەیە، جۆرەکانی توندوتیژی لەو هەرێمە بە پێی کات و دۆخدا گۆڕانکاریان بەسەرداهاتوە، دوای ساڵی ٢٠٠٣ گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە و بەتایبەتیشی پەرەسەندنی سیستەمی سەرمایەداری شێوازی ژیانی ژنانیش گۆڕانکاری بەسەرداهاتوە، بە ئازادیەکی ڕووکەشیانە ژنانیان لە ئازادی و راستەقینە و حەقیقەتی خۆی دوورخستەوە، ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی کە ژیانی ژنان لە هەرێمی کوردستان زیاتر بەرەوە ئاڵۆزی بچێت، چونکە هەموو چالاکیەکان و کردەکانی دوای ئەو سیستەمە نەیانتوانی گۆڕانکاری لە ئەقڵیەتی پیاوسالاریدا بکەن ، ئەو گۆڕانکاریە ڕووکەشیانەش کە هاتنە ئاراوە نەگونجان و لەناو کۆمەڵگادا قبوڵنەکران. کەمبوونەوەی ڕاپۆرتەکانی بەدواداچوونی توندوتیژی کە ئاماژە بە کەم بوونەوەی توندوتیژی سەر ژنان دەکەن، زۆر هۆکاری گوماناوی لە پشتەوەیە، لەوانە ئایا تاچەند بەدواداچوونێکی راست بۆ ئامارەکان کراوە؟ یان تاچەند بەهۆی نەبوونی دەوامە فەرمیەکان داواکان تۆمار کراون؟. جیابوونەوەی هاوسەرگیری زۆر لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لە ئەنجامەکانی توندوتیژی زیادتر، ئەوەش لە ئەنجامی چەند هۆکارێک پەرەیسەندوە، یەکێک لەوانە دۆخی خراپی دارایی و ئەوەیتریش تێنەگەیشتن لە بڕیاری هاسەرگیر و پەیوەندی نێوان کچ و کوڕ و تێرکردنی غەریزە و دونیای کاتی، بێ هیوا بوون، هەست نەکردن بە بەرپرسیارێتی خێزان پێکهێنان. هەروەها هاوسەرگیری تەمەنیی خوار ١٨ ساڵ کە بەڕادەیەکی بەرچاو زیادی کردوە، لە ئەنجامی ئەو سەرلێشێواویەیە کە لە ئەنجامی پەرەسەندنی تەکنیک و پەیوەندی لە ڕێگەی تەکنیک و چاولێکەری گەنجە.

هەروەها وتیشی: "ڕێکخراوەکانی ژنان هەرچەند ڕۆڵێکی زۆریان نەگێڕاوە، زۆربەی چالاکیەکانیان بە بەرامبەرە بە موچە و ئیمتیازات، هەر بۆیە قەیرانی دارایی راستەوخۆ کاریگەری کردە سەر ئەو ڕێکخروانە، ئێمە وەک ڕژاک، چونکە سەرجەم ئەندامانمان بێ بەرامبەر کار دەکەین و بەردەوامی دەدەین بە خەباتەکانمان لە هەموو هەلوومەرجێک."