لە ڕەواندز بۆ 25ی نۆڤەمبەر سمینارێک بەڕێوەچوو

13:47

ژنها

ڕەواندز - لەزنجیرەی کاروچالاکییەکانی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستاندا، بەبۆنەی 25ی نۆڤەمبەر، ڕۆژی ڕووبەڕووبونەوەی توندوتیژی دژبەژنان، ڕۆژی 18ی ئەم مانگە لەشاری ڕەواندز، سمینارێک بۆ (پەروین حەسەن) ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕژاک سازکرا.

سەرەتا پەروین حەسەن، تیشکی خستە سەر چۆنیەتی ڕووداوەکەی خوشکانی میرابال و هۆکار و فاکتەری ناونانی ئەوڕۆژە بە ڕۆژی ڕووبەڕووبونەوەی توندوتیژی دژبەژنان لەجیهاندا، ئاماژەی بە ڕۆڵی پێکهاتە و ڕێکخراوە فێمێنیستەکان لە دیاریکردنی ئەوڕۆژەدا وبەجیهانیی کردنی، هەروەها باسی لەگرنگی بەشداربوونی ژنان کرد، لە سمینار و چالاکییەکانی تایبەت بەم ڕۆژە.

ژنی کورد لە مێژوودا، ڕووبەڕووی دووجۆر توندوتیژی بوونەتەوە

پەروین حەسەن وتی: ئەگەرتەماشایەکی لاپەڕەکانی مێژوو بکەین، دەبینین ژنی کورد دووجۆر تون و تیژی ڕووبەڕوو بۆتەوە، ئەوانیش بریتین لە یەکەم: توندووتیژی دەروونی: ئەوەش لەشکاندنی ئیرادە و باوەڕی ژندا بە پراتیک کراوە لەلایەن پیاوەوە و سەرکۆنەکردنیان، دواجار کاریگەری سیستەمی پیاوسالاری بەسەر هێز و ئیرادەی تاکەکان کە ژنانن، دواجار بەشداریکردنیان لە کایە و بوارە جیاجیاکانی ژیاندا سنوورداردەکات و تۆوی بێ ئیرادەیی لە هەبوونی تاکی ژندا دەڕوێنێت، ئەمەش بە قازانجی پیاوان دەشکێتەوە.

سیستەمی دایک سیستەمی خزمەتکردن بەهەمووان بووە

لەتەوەرێکی قسەکانی دا پەروین حەسەن باسی لەمێژووی سەردەمی دایکسالاری کرد و وتی: لە ژێر سایەی سیستەمی دایکسالاریدا هەمووان سودمەند دەبوون و قازانج و باشییەکان بێ جیاوازی و بەرژەوەندی خودی بۆهەموو ڕەگەز و توێژەکانی کۆمەڵگا دەبوون، بەپێچەوانەی سیستەمی پیاوسالاری کە سیستەمێکی خودگەرا و خزمەتکار تەنها بە ڕەگەزی نێرە، لە سیستەمی پیاوسالاریدا چەوساندنەوەی ڕەگەزی و پاوانکاری و خۆسەپاندن هەیە، لاووازکردنی توانا و هێزی ژنان هەیە بە ئاست و ڕاددەیەکی بەرز، کەچی لە سیستەمی دایکسالاریدا لەهەرکوێ و هەرکێ پێویستی بەچی هەبوبا، سیستەمەکە لەوێ و بۆ ئەو دەکەوتە کار و هەوڵی پڕکردنەوەی بۆشایی و پێویستییەکانی کۆمەڵگای دەدا، واتا لە سیستەمەکەدا یەکسانی دەبینرا.

دەسەڵاتی سیاسی و کاریگەریەکانی بەسەر ژناندا

پەروین حەسەن ئاماژەی بە ڕۆڵی نێگەتیڤانەی دەسەڵات و سیستەمی سیاسی دا لە هەرێمی باشووری کوردستاندا و وتی: بەڵگەنەویستە کە دەسەڵاتی سیاسی و سیستەمی حوکمڕانی لەباشوور کاریگەرییان هەبوە لە بێ کاریگەرکردنی ژنان و دەرخستنی توانا شاراوەکانی ڕەگەزی مێ، کە هەمیشە ئەو دەسەڵاتەی هەبووە لەباشووردا، لەهەوڵی لاوازکردنی دەسەڵات و گەشەکردنی توانا و پێگەی ژناندا بووە، ئەمەش بۆ زاڵبوونی بیری ڕەگەزپەرستی واتا پیاوسالاری لەنێو سیستەمی دەسەڵاتی سیاسی دا، کە سستەمێکی تاکڕەوییە.
پاشان ئاماژەی دا بە هەندێ کەسایەتی ژنانی کورد لەمێژووی گەلی کورددا و ڕۆڵیان لەبوارەکانی :سیاسی، کۆمەڵایەتی،وێژەیی و...هتد، بەبەراورد لەگەڵ دەرکەوتنی ژنان، لەدیرۆکی نوێی کورد دا، کە بەڕێژەیەکی بەرچاو گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، ئەمەشی بۆ کاریگەری سیستەمی پیاوسالاری و بێ ئیرادەبوویی ژنان گەڕاندەوە.

ژنانی نێو زیندانەکان، پێشەنگی خەباتی ژنانن، لەمێژوودا

لەبەشێکی دیکەی قسەکاندا، پەروین بۆ ئامادەبوانی سمینارەکە، سەرنجی ڕاکێشایە سەر ژنانی بەڕێخستن بووی نێوشۆڕشی ئازادیخوازی گەلی کورد، بەتایبەت لەباکووری کوردستان و ژنانی نێو زیندانەکان، لەنێویشیاندا ساکینە جانسز و هەڤاڵانی، تێکۆشان و بەرخۆدانیان لەبەرامبەر سیستەمی داپڵۆسێنەری سیاسی دژمن و جڤاک و ژینگەی کوردستان کە بۆ ئێمەی ژنان وەک وانەیەکن بۆ بەرخۆدان و ئیرادەی لەسەرپێ مانەوەمان، هەروەها ناوبراو گرنگی ڕێخستنی بەپێویستییەکی هەمیشەیی ژیانی بەناوکرد، پێی وابوو ئەگەر ڕێخستن نەبێ، ژنان بەرەو لاوازی و بێ ئیرادەیی دەڕۆن، دواجار بەشداری ژنان لەوکارانەی ژنان کە پێویستە بیکەن و تیایدا جێ بگرن، زۆر کاڵ دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر ڕێخستن هەبێ، هەبوونی ژن و هێزە شاراوە و توانا بێ سنوورەکانی ژن ون نابن، هەروەها گەر ڕێخستن هەبێ لەنێو ژناندا ئەوا کۆمەڵگە بەرەو هەڵدێر و داڕمانی ئەخلاقی ناچیت.

ژن و پێگەی لەنێو خێزاندا

لەکۆتایی قسەکانیدا پەروین حەسەن سەرنجی کێشایە سەر پێویستی هەبونی ژنێکی بەڕێخستن بوو لەنێو خێزاندا و خستنە ڕووی گرنگییەکانی، چونکە ژن بنگە و بنەمای سەرەکییە لەنێو خێزاندا و پێشەنگێکی پەروەردەکار و زۆرجارانیش بەخێوکاری ئەندامانی خێزانە، جگە لە ئەرکی پەروەردەکاریش، هەروەها ئاراستەکارێکی تاکەکانی خێزانیشە بۆ کۆمەڵگە و جێگرتنیان لە کایە وبارەجیاوازەکانی ژیان دا.

دوای تەواوبوونی وتەکانی ئەندامی دەستەی ڕێوەبەری ڕژاک ( پەروین حەسەن )، لەلایەن ئەندامی ڕێخراوی ڕژاک لە ناوچەکە ( پەرێشان حەسەن) بەیاننامەی ڕژاک سەبارەت بە 25 ی نۆڤەمبەر بۆ ئامادەبوانی سمینارەکە خوێندرایەوە، دوای خوێندنەوەی بەیاننامەکەش و لەکۆتایی سمینارەکەدا، لەلایەن پەروین حەسەنەوە وەڵامی پرسیار و پێشنیاری ئامادەبوان درانەوە.