"هۆکاری هەموو توندوتیژیەکانی سەر ژنان لە ئێران دەوڵەت خۆیەتی"

11:48

ژنها

سلێمانی – دایە ئامینە دایکی زانیار مورادی گیراوی سیاسی مەحکوم بە زیندان لە ئێران، بۆ ٢٥ی نۆڤەمبەر ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سەر ژنان، رادەگەیەنێت: ڕژێمی ئێران هۆکارە بۆ بەردەوامی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی لە سەر ژنان و ناو کۆمەڵگادا.

دایە ئامینە لەو بارەیەوە وتی: "ئەو توندوتیژیەی کە ئێستا لەسەر ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەلایەن زهنییەتی پیاوسالارییەوە بەڕێوەدەچێت، هۆکارەکەی ڕێژێمی ئێران بۆ خۆیەتی. ژنان کاتێ کە دەیانەوێت خۆیان بە دەستی خۆیان کارێک ئەنجام بدەن لە لایەن ماڵەوە ڕێگریان لێ دەکرێ، و پێیان دەڵین ئێوە ژنن ناتوانن کار بکەن دەبێ هەمیشە لەژێر دەسەڵاتی پیاودا بن.

دایە ئامینە لە بەردەوامی قسەکانیدا جەختی کردەوە: "لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کچان هەر لەمنداڵییەوە لە تەمەنی ١٣-١٤ ساڵی دا بە زۆر و بێ خواستی خۆیان لە گەڵ پێاوێک کە ١٥،٢٠ ساڵ لە خۆی گەورەترە هاوسەرگیریان پێدەکرێت و ئەمەش جۆرێکە لە توندو تیژی کە بەرامبەر بە ژنان بەڕێوە دەچێت. ژنان مافی دەربڕینی بیر و بۆچوونی خۆیان نییە بۆنمونە کاتێک کە ژنان دێنە سەر شەقامەکان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە تیزابیان بەسەردا دەکرێت یاخود دەستگیر دەکرێن. ئەم توندوتیژیانەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ژنان ماڵی خۆیان بەجێبهێلن یا خۆد خۆیان بە شێوازی جۆر بە جۆر بکوژن."

ناوبراو لە کۆتایی قسەکانیشیدا بانگەوازی لە سەرجەم ژنان و پیاوان کرد لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان وتیشی: "داوام لە هەموو پیاوان ئەوەیەکە جوان بیربکەنەوە بۆ ئەوەی ئیتر ژن کۆیلە نەکەن چونکە ژن ئافرێنەری ژیانە. ئازادی بەواتای ئازادی جەستەنایێت بەڵکو بۆ ئەوەی بە ئازادی بژی پێویستە مێشکت ئازاد بێت. ژنان پێویستە نیشتمانی خۆیان خۆشبوێت و تێکۆشان بۆ ئازاد کردنی لە ژێر دەستی داگیرکەران بکەن، چونکە ژنان هەتا نیشتمانی خۆیان خۆشنەوێ و خاوەنداری لێنەکەن ناتوانن ئازاد بن."