دیدارى مه‌ستوره‌ له‌ که‌لار به‌ڕێوه‌چوو

12:19

ژنها

گەرمیان - له‌ شارۆچکه‌ی که‌لار دیدارێکی تایبه‌ت به‌یه‌کخستنی خامه‌ی ژنانی گه‌رمیان به‌ناوی (دیداری مه‌ستوره‌)، به‌ دروشمی " خامه‌ی خانمانی ئه‌مڕۆ، گوڵ‌ رێژکاری رێگای سبه‌ی " به‌ڕێوه‌چوو.

ئێواره‌ی دوێنێ، له‌ هۆڵی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی رۆشنبیری و هونه‌ری گه‌رمیان، له‌ شارۆچکه‌ی که‌لاری ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان، دیدارێکی تایبه‌ت به‌یه‌کخستنی خامه‌ی ژنانی گه‌رمیان به‌ناوی (دیداری مه‌ستوره‌) به‌ڕێوه‌چوو، که‌ پرۆژه‌یه‌کی هاوبه‌شی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی رۆشنبیری و هونه‌ری گه‌رمیان و ئۆفیسی که‌لاری سه‌نته‌ری گه‌شه‌پێدانی چالاکی لاوان و گروپی مه‌ستوره‌ بوو.

له‌ دیداره‌که‌دا تیشک خرایه‌ سه‌ر چوار ته‌وه‌ر که‌ بریتیبوون له‌(ئایدۆلۆژیا ره‌حمه‌ت بووه‌ بۆ پرسی ژنان یان زه‌حمه‌ت، ئافره‌ت و شیعر، ئه‌رکی ئافره‌ت بونیادنانى شارستانییه‌تدا، کاره‌ساتی ئه‌نفال و کاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌رونی تاکی کورد).

ته‌وه‌رى یه‌که‌م که‌ بریتیبوو له‌ ئایدۆلۆژیا ره‌حمه‌ت بووه‌ بۆ پرسی ژنان یان زه‌حمه‌ت، له‌لایه‌ن تارا حسێن چالاکوانى بواری ژنان پێشکه‌شکرا، ناوبراو وتی:" ئه‌وه‌ى که‌ ده‌ڵێت ئایدۆلۆژیا باوى نه‌ماوه‌ واتا مه‌بده‌ئـ نه‌بێت، که‌ مه‌بده‌ئیش نه‌بێت رێباز و ئامانج نابَت، که‌ رێباز و ئامانجیش نه‌بێت کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و کاره‌سات هه‌نگاو ده‌نێت، پێویسته‌ ژنی ئێمه‌ بۆ بڕینی رێگاکانی سه‌رکه‌وتن بخوێننه‌وه‌ و له‌ شته‌کان قوڵ ببنه‌وه‌".

تارا، وتیشی:" هه‌موو ئایدۆلۆژییه‌کان به‌ ئاینه‌کان و به‌ مه‌زهه‌به‌کانیشه‌وه‌ خزمه‌تیان کردووه‌، به‌ره‌نگاری ئه‌و توندوتیژیانه‌ بوونه‌ته‌وه‌ که‌ رووبه‌رووی ژن کراوه‌ته‌وه‌، سیسته‌می سه‌رمایه‌داری دژی ئایدۆلۆژیایه‌، تاکێکی خاوه‌ن فکر هه‌بێت سه‌رمایه‌داری ناتوانێت سیسته‌می خۆی جێبه‌جێ بکات".

تارا، تیشکی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ش:" له‌ساڵی 2008 به‌ڕێز عه‌بدوڵا ئۆجالان وه‌ک خاوه‌نی تێزێک فکرێکی پێشکه‌ش به‌ وه‌ ژنانی گشتیی رۆژهه‌لاتی ناوه‌راست کرد، که‌ ئایدۆلۆژیای رزگاری ژن بوو، له‌ ئایدۆلۆژیای رزگاری ژندا چه‌ند مه‌بده‌ئێکی سه‌ره‌کی هه‌ن که‌ بریتین له‌ (فکری ئازاد، ئیراده‌ی ئازاد، تێکۆشان، رێکخستن)".

تارا حسێن، باسی له‌وه‌ش کرد:" ئه‌مرۆ ژنی کورد نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی ژنی جیهان ده‌کات، ئه‌مرۆ له‌ جیهانه‌وه‌ ژن دێت بۆ ئه‌وه‌ی ژنی کورد بناسێت، بۆچی جل و به‌رگی ژنانی یه‌په‌ژه‌ له‌ مۆزه‌خانه‌کانی جیهاندایه‌، ئه‌وه‌ فکرێکه‌ که‌ جلی ژنانی یه‌په‌ژه‌ی خستووه‌ته‌ مۆزه‌خانه‌وه‌، نه‌ک ته‌نها جلی سه‌ربازی ژنێکی ئاسای".

له‌ ته‌وه‌ری دووه‌می دیداره‌که‌دا تیشک خرایه‌ سه‌ر گرنگی هه‌بوونی خامه‌ی ئافره‌ت، له‌وباره‌یه‌وه‌ په‌یمان ئه‌مین نوسه‌ر و رۆژنامه‌نووس قسه‌ی کردو وتی:" هه‌بوونی قه‌ڵه‌مێکی ژن زۆر گرنگه‌، ئه‌و نوسینه‌ى که‌ ژنێک ده‌یکات زۆر جیاوازه‌ له‌و نوسینه‌که‌ی که‌ پیاوێک ده‌یکات، چوونکه‌ ژنێک به‌ هه‌موو توانا و هه‌ستێکییه‌وه‌ نوسینه‌که‌ی ژنانه‌یه‌، وه‌ شێوازی بیرکردنه‌وه‌ و ده‌ربڕینی هه‌ستی ژن".

په‌یمان ئه‌مین، وتیشی:" ژن ده‌بێت خاوه‌ن ئیراده‌ بێت، هه‌بوونی خێزانێکی رۆشنبیر و دایکێکی رۆشنبیر، په‌ره‌ ده‌ستێنێت و کۆمه‌ڵگایه‌کی رۆشنبیریش په‌روه‌رده‌ ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ژن خاوه‌ن قه‌ڵه‌م و خاوه‌ن په‌یام بێت، بێگومان له‌ هه‌ر شوێنێک بێت کاریگه‌ری خۆی ده‌بێت".

هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و ته‌وه‌ره‌، نوسه‌ر ئاواز نه‌جیم قسه‌ی کرد و وتی:" ژن به‌هۆی ئه‌ وچوارچێوه‌ خێزانییه‌ی که‌ بۆی دانراوه‌، نیتوانیوه‌ هه‌نگاوی راسته‌قینه‌ بنێت و بوونی خۆی بسه‌لمێنێت، با چیتر ژن چاوه‌ڕوانی ره‌حمه‌تی قه‌ڵه‌ی پیاوێک نه‌بێت له‌سه‌ری بنوسێت، ئه‌وه‌ ژنه‌ که‌ نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی رۆحی خۆیه‌تی".

له‌ ته‌وه‌رى سێیه‌می دیداره‌که‌دا، تیشک خرایه‌ سه‌ر ژن و هونه‌ر و تیایدا سارا مه‌جید شاعیر و چالاکوانی بواری ژنان قسه‌ی کرد، وتی:" هونه‌ر ره‌نگه‌ بۆ ئافره‌ت تا راده‌یه‌ک قه‌ده‌غه‌ کرابێت، ئه‌وه‌ش دابن و نه‌ریتی کۆمه‌ڵگا و ئه‌قڵییه‌تی پیاوسالارییه‌ که‌ هه‌میشه‌ ئه‌و ئاماژه‌یه‌ به‌وه‌ ده‌دات که‌ ده‌بێت ژن له‌ ماڵه‌وه‌ بمێنێته‌وه‌ و کار نه‌کات، ئافره‌ت له‌کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا وای لێ هاتووه‌ ناتوانێت تا به‌ر ده‌رگا بچێت، ده‌ست بردن بۆ کایه‌کانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ئه‌مه‌ ئاسته‌نگییه‌کی زۆر قورستر ده‌خرێته‌ به‌رده‌می".

سارا مه‌جید، وتیشی:" پیاو پێی وایه‌ ئه‌گه‌ر ژن هونه‌رمه‌ندبێت زه‌ره‌ر له‌ شه‌ره‌فی ئه‌و ده‌دات، چوونکه‌ پیاو ژن به‌ شه‌ره‌فی خۆی ده‌زانێت، هه‌ندێک دیاره‌ده‌ش هه‌یه‌ وه‌ک زیندانی کردنی ژن له‌ ماڵدا،ئافه‌رت ئیلهامی هونه‌ر و ئه‌ده‌به‌".

له‌ ته‌وه‌ری چواره‌م و کۆتای دیداره‌که‌دا، باس له‌ ئه‌رکی ژن له‌ بونیادنانی شارستایه‌ت کرا، له‌سه‌ر ئه‌و ته‌وه‌ره‌ شیلان محه‌مه‌د رۆژنامه‌نووس و چالاکوانى بواری ژنان قسه‌یکرد و وتی:" رۆڵی ژن له‌ بونیادنانی شارستانییه‌ت زۆر گرنگه‌، هه‌موو ده‌مانه‌وێت جوانترین شت پێشکه‌ش بکه‌ین، به‌ڵام که‌ هاتینه‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ ده‌بینین یه‌کناگرینه‌وه‌، بۆ بونیادنانی شارستانییه‌ت پێویسته‌ ژن و پیاو هاوکاری یه‌ک بن، به‌ڵام به‌مه‌رجێک به‌ لاوازییه‌وه‌ له‌ژن نه‌ڕوانرێت".

هه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان ته‌وه‌ر، شه‌یما جه‌مال مامۆستا و چالاکوانی ژنان قسه‌یکرد و وتی:" زۆرجار پیاو هۆکارێک بووه‌ بۆ به‌ره‌و دوا چوونی ژنان، هه‌تاکو ژن سه‌ربه‌ست نه‌بێت کۆمه‌ڵگا سه‌ربه‌ست نییه‌، ژنان روبه‌رووى زۆر ململانێ بوونه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ژن متمانه‌ی به‌خۆی هه‌بێت بێگومان هیچى له‌ ژنانی دیکه‌ که‌متر نیه‌".

شه‌یما جه‌مال، وتیشی:" له‌ مێژوودا یه‌که‌م که‌س که‌ به‌رامبه‌ر فیرعه‌ون وه‌ستایه‌وه‌ ژن بوو، یه‌که‌م که‌س که‌ مه‌ککه‌ی دروست کرد ژن بوو، یه‌که‌م که‌س که‌ پیرۆزترین ئاوی سه‌ر زه‌وی خوارده‌وه‌ ژن بوو، حه‌پسه‌خانی نه‌قیب و له‌یلا زانا نمونه‌ی ژنى کوردن که‌ به‌رخۆدانیان کردووه‌، ته‌نانه‌ت ئێستاش ده‌بینین سه‌رپه‌رشتیاری ئۆپه‌راسیۆنی کۆنترۆڵکردنه‌وه‌ی شاری ره‌ققه‌ ژنه‌".