بۆ ٢٥ نۆڤەمبەر کۆنگرەی ستار لە شاری سلێمانی گفتوگۆیەکی کراوەی سازکرد

11:26

ژنها

سلێمانی- بە بۆنەی 25ی نۆڤەمبەر رۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان نوێنەرانی کۆنگرەی ستار لە باشوری کوردستان گفتوگۆیەکی کراوەیان سازکرد.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەمە لە ناوەندی نوێنەرایەتی کۆنگرەستار لە شاری سلێمانی، بەبەشداری ژمارەیەک لە ژنان و نوێنەرانی ڕێکخراو و پارتیەکان گفتوگۆیەکی کراوە بە بۆنەی 25ی نۆڤەمبەر بەڕێوەچوو.

جیهان خەلیل، نوێنەری کۆنگرەستار لە شاری سلێمانی، لە سەرەتادا وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی:" 25ی نۆڤەمبەری ساڵی 1960 سێ خوشک لە ئەمریکای لاتین کوژران، کە بە خوشکانی میراباڵ ناسراون، ئیتر لە دوای ئەو رۆژە چەندین هەوڵ هەبوو تا ئەو رۆژە دیاری کرا بۆ بە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان".

جیهان خەلیل، وتیشی:" لە مێژە کاتێک ژن ویستبێتی بەشداری لە بوارێکدا بکات ئاستەنگی بۆ دروستکراوە لەلایەن پیاوانەوە، کاتێک ژنان دەبنە بەڕێوەبەر ئەوا دەتوانن بەڕێوەبەریشبن لە هەموو بوارەکانی وەکو پەروەردە و خێزان و تەنانەت کارەکانی پیاویش، هەر بۆیە پێویستە ژنان خۆیان بە ڕێکخستن بکەن و خۆیان بسەلمێنن لە کۆمەڵگادا".

ناوبراو، باسی لەوەشکرد:" لە باشوری کوردستان بەهۆی قەیرانی داراییەوە ژنان زیاتر رووبەڕووی توندوتیژی بونەتەوە و ژیانیان ناخۆش بووە، لە رۆژئاوای کوردستانیش زۆر پارت و حزب هەیە کە ژنان رۆڵ و گرنگیی تایبەتیان پێدراوە و ژنان بە بنەما دەگرن و ژنانی رۆژئاوا بە ڕۆحێکی نەتەوەی و وڵاتپارێزیی خەبات دەکەن، دەبێت لە باشوری کوردستان ژنان وەک رۆژئاوا لە کارو خەباتدا جێگەی دەستیان هەبێت".

نوێنەری کۆنگرەستار لە سلێمانی، ئاماژەی بەوەشدا:" لە شەڕی داعشیشدا ژنان تووشی ناخۆشی بونەتەوە، لە هەموو ناوچەکاندا ماڵی ژنان هەیە، کە هەر زەحمەتیەک توشی ژنان دەبێت دەچن بۆ ئەوێ بۆ پاراستنیان".

پاشان گوڵستان سەعید، بەشداربووی گفتوگۆ کراوەکە قسەی کرد و وتی:" ڕەوشی ژنان لە ئێستادا لە ئاستێکی خراپدایە، کە دەتوانم بڵێم لە ساڵانی حەفتاکاندا رەوشی ژنان باشتر بوو وەک لە ئێستا، لەبەرئەوەی رەوشی ژنان لە ڕووی پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەوە لە هەموو ڕوویەکەوە لە پاشەکشەدایە، هیچ شتێکیش نەکراوە کە ئاستەنگیەکان کەمبکرێتەوە".

گوڵستان سەعید، وتیشی:" تەنانەت مامۆستایانی ئاینیش باسی گرنگی رۆڵی ژن دەکەن لە هەموو بوارەکاندا، مامۆستایان دەڵێن لە دامودەزگاکاندا ژنان زۆر باشتر ئیش دەکەن وەک لە پیاو، هەمووشمان دەزانین کە ژنان باش کار دەکەن، بەڵام کاتێک دەسەڵات دوو حزبی عەشیرەت دەیگرێتە دەست توندوتیژی زیاد دەکات بەتایبەت لەسەر ژنان"