کژار لە شاری سلێمانی سمینارێکی ئەنجامدا

10:43


ژنها

سلێمانی - کۆمەڵگاى ژنانى ئازادى کوردستان(کژار) بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەر ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سەر ژنان سمینارێکی لە شاری سلێمانی سازکرد.

ئێوارەى دوێنێ چوارشەمە(٢٣-١١-٢٠١٦) کۆمەڵگاى ژنانى ئازادى کوردستان لە ناوەندى غەزەلنوس، لە شاری سلێمانی سمینارێکی لەژێر ناونیشانى بە ڕێکخستن و تێکۆشانى ژنان، کۆمەڵگایەکی دوورلە توندوتیژى بنیاد دەنێین، بۆ هەریەک لە رۆناهى مەنگوڕ چالاکوان، کنێر عەبدوڵڵا چالاکوانی ژنان و سەرنوسەری گۆڤاری تەوار و پەیمان ڤیان ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کژار سازکرد.

لە سەرەتاى سمینارەکەدا روناهى مەنگوڕ باسى لە گرفت و کێشەکانى ژنانى رۆژهەڵاتى کوردستان کرد و وتى: "دەوڵەتى ئێران هەروەکو چۆن لە بەرامبەر پیاواندا سیاسەتێکى نەرم بەڕێوە دەبات، لەبەرامبەر ژنانیشدا بە هەمان سیاسەت کەسایەتى ژنان تیرۆر دەکات".

روناهى مەنگوڕ وتیشى: "ژنان لە ئێران بێجگە لە سزاى جەستەیى لەرووى دەروونیشەوە تیرۆر دەکرێن، هەم لەلایەن کۆمەڵگاوە هەمیش لەلایەن دەسەڵاتى ئیسلامى ئێرانەوە، ژنانیش لەبەرامبەر ئەمەدا بێدەنگیان هەڵبژاردووە".

دواتر کنێر عەبدوڵڵا، بابەتێکى پێشکەش کرد و لەمیانى بابەتەکەیدا وتى: "ئێمە لە باشورى کوردستان هەنگاوى باشمان ناوە بۆ رووبەڕووبوونەوەى توندوتیژى دژى ژنان، بەڵام ئەگەر سەیرى ئامارەکانى توندوتیژى دژى ژنان بکەین لە هەرێمى کوردستان هێشتا رەوشى ژنان لە بارێکى خراپدایە".

کنێر عەبدوڵڵا وتیشى "من پێشنیاردەکەم کە ژنانى باشور رۆژهەڵاتى کوردستان پێکەوە کاربکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەى ئەو پێشێلکارییانەى بەرامبەر بە مافەکانیان دەکرێت، پێویستە ئێمەى ژنان بەدەم کێشە و داواکارییەکانى یەکترەوە بچین لە هەموو پارچەکانى کوردستان".

لەبەشێکیتری سمینارەکەداپەیمان ڤیان لەسەر پێشخستنی ڕێگەچارەی بەرامبەر بەربەستەکانی بەردەم ژنان وتەیەکەی پێشکەش کرد، ناوبراو وتی: "ئێمەى ژن لە ڕۆژهەڵات بە چەندین شێوە کەسایەتیمان تیرۆر دەکرێت، دەسەڵاتى ئێران ئەگەر نەیتوانى لەنێو خێزاندا بمانهێڵێتەوە ئەوا لەدەرەوەى خێزان فشارمان دەخاتە سەر، ئەگەر ئەوەش نەبوو زیندانیمان دەکات، ئەگەر بە شەو کەسایەتى زەوت نەکردین، لە زینداندا دەستدرێژى دەکاتە سەرمان."

پەیمان ڤیان جەختیشی کردەوە: "ئەوە گرنگ نییە کە دەسەڵاتدارانى ئێرانى چى بەرامبەر بە ژنان دەکەن، ئەوە گرنگە چۆن ئێمە رووبەڕووى ئەو توندوتیژییانە ببینەوە، ئەویش بە بڕواى من بە وشیارکردنەوەى ژنان و گەڕانەوەى ئیرادە دەبێت بۆ ژنانى رۆژهەڵات.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە ئەو سمینارە بە ئامانجی تیشکخستنە سەر دۆخی ژنانی ڕۆژهەڵاتە کە لە هەموو ڕووێکەوە دەچەوسێنرێنەوە. هەروەها سەرنجی ڕاکێشایە سەر ژیانی زیندانیانی ژن و ئەو ژنانەی لە گرتوخانەکاندا ڕووبەرووی ئەشکەنجە و سزای قورسی یاسا دژە ژنەکان دەبنەوە.
سمینارەکە بە پرس و سەرنجی ئامادەبووان کۆتایی هات.