ئەو ژنانەی تا دواین دڵۆپی خوێنی خۆیان تەسلیمیەتیان قبوڵ نەکرد

12:27


ناوەندی هەواڵ – کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەر ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان ڕاپۆرتێکی لە سەر دۆخی ژنان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر ناوی"ژنانێک کە تا دواین دڵۆپی خوێنی خۆیان لە بەرامبەری ئەقڵیەتی پیاوسالارانەی ئێران بەرخۆدانیان کرد و تەسلیم نەبوون" بڵاوکردەوە

ژنانێککەتادوایندڵۆپیخوێنیخۆیانلەبەرامبەریئەقڵیەتیپیاوسالارانەیئێرانبەرخۆدانیانکردوتەسلیمنەبوون.

بێگومان ناتوانرێ ئەو کوشتار و هێرشانەی کە بە درێژایی مێژوو لە دژی ژنان ئەنجام دراوە، تەنیا لە چەند وشەیەکدا جێگەی بکەینەوە. لەگەڵ زیاتر بوونی ڕێژەیهێرشەکانی دەوڵەت پێشەنگایەتی ژنان و بەرخۆدانەکانیان لەپێناو بەرگریکردن لە مافەکانیان و وەدەستهێنانی ئازادیش زیاتر بووە، بەڵام هەروەک دەزانین لە هیچ کتێب و نووسراوێکدا، وەکو پێویست، باس لە بەرخۆدانی ژنان نەکراوە بۆ ئەوەی وەکو میراتێک بۆ مێژوو بمێنێتەوە. ئامانج لە ئامادەکردنی ئەو نووسینە، لە لایەن کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) ئەوە بوو کە بتوانێ ناوی ئەو ژنانە بخاتەڕوو کە لە ماوەی ئه‌م چه‌ندساڵەدا بە شێوەی جۆراوجۆری هێرشەکانی دەوڵەت، گیانیان سپاردوە. هەڵبەتە شایانی باسیشە کە ناوی ژنەکان کامڵ نییە، یان لە هەندێک حاڵەتدا تەنیا ناویان هاتوە، بەڵام لەداهاتوو هەوڵ دەدرێ بۆ ئەوەی زانیاریی کامڵتر لەبارەیانەوە بخرێتەڕوو. دەیەی شەستی هەتاوی (هەشتای زاینی) لە مێژووی کوردستان دا لەبیرنەکراوە، لەو ساڵانەوە و تا ئەمڕۆکە و دوارۆژیش هەزاران خێزان بەیادی کەسوکارە لەسێدارەدراوەکانیان رۆژەکانیان بەسەر دەبەن. لەو ماوەیەدا نزیکەی زۆرێک لە ژنان لە بەندیخانە جیاوازەکاندا گولـلەباران یان لەسێدراە دراون و یانیش لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراون، لە خوارەوە ناوی زۆرێک لەو ژنانەی کە لە کوردستان لەسێدارە دراون، یان لەژێر ئەشکەنجە و بە گولـلەباران کوژراون، نووسراوە: -
بەشی یەکەم: سێدارە
شەهلا کەعبی و نەسرین (فریشتە)کەعبی
دوو خوشکی کورد و خەڵکی سەقز بوون کە پەرستار بوو، بە تۆمەتی (بەشداریکردن لە پێکدادانەکان) و (هاوکاری لەگەڵ هێرشبەرەکان) و (تیمارکردنی دوژمنانی شۆڕش لە نەخۆشخانەی سەقز) بە فەرمانی سادق خەلخاڵی لەسێدارە دران. شەهلا لە کاتی لەسێدارەدان تەمەنی ٣٤ ساڵ و نەسرین ٢٧ ساڵ تەمەنی بوو. فەرمانی لەسێدارە دانی خوشکانی کەعبی لەگەڵ کۆمەڵە کەسێکی دیکە لە رۆژی 5/٦/١٣٥٩ (٢٨/٨/١٩٨٠) بە شەو لە سەربازگەی سنە دەرچوو، هیچ دادگەیەک بەڕێوەنەچوو هیچ بەرگرییەکیش نەکرا. لە بەرەبەیان و لە کاتژمێر 4:30 خولەکی بەرەبەیان، فەرمانی لەسێدارەدان لە هەمان سەربازگە جێبەجێ کرا.
شیرین عەلەمهولی
لە ١٣/٣/١٣٦٠ (٢/٦/١٩٨١) لە گوندی دیم قشلاقی دەوروبەری ماکۆ لەدایک ببوو، دوای دەسبەسەر کردنی لە ساڵی 2008 بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ پژاک دادگایی کرا و فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو و لە رۆژی ١٩/٢/١٣٨٩ (٩/٥/٢٠١٠) بەبێ ئاگاداری بنەماڵە و پارێزەرەکانی لە زیندانی ئەوین لەسێدارە درا، ئەو لەو رۆژەدا لە زیندانی ئەوین، لەگەڵ عەلی حەیدەریان، فەرهاد وەکیلی، فەرزاد کەمانگەر و مەهدی ئیسلامیان لەسێدارە درا.
شەهێن بەوەفا
نیشتەجێی شاری سنە بوو، لە کاتی شەری قارەمانییەتی ٢٤ رۆژەی خەڵکی سنە لە دژی جاشەکانی کۆماری ئیسلامی بەڕێوەبەری تاقە نەخۆشخانەکەی شار بوو کە شەو و رۆژ بەبێ وەستان لە پێشوازیی بریندارەکانی شەڕ دابوو.
مەعسومە سەرهەنگی، ١٦ ساڵان، خەڵکی مهاباد بو، لە ساڵی ١٩٨٢ لە بەندیخانەی ورمێ گولـلەباران کرا.
نەسرین پاک نیان، ٢٢ ساڵان، خەڵکی مهاباد، لە ساڵی ١٩٨٢ لە بەندیخانەی ورمێ گولـلەباران کرا.
سەفیە محەمەدی، ٢٢ ساڵان، خەڵکی مهاباد، لە ساڵی 1361(١٩٨٢)لە زیندانی ورمێ گولـلەباران کرا.
مریەم فاروقی، ٢٢ ساڵان، خەڵکی مهاباد، لە ساڵی1361(١٩٨٢)لە زیندانی ورمێ گولـلەباران کرا.
نەرمین کەریمی، ٢٢ ساڵان، خەڵکی مهاباد، لە ساڵی ١٣٦٢ (١٩٨٢)لە زیندانی ورمێ گولـلەباران کرا.
شەهربانو مودەریسی، خەلکی سنە، خوێندکاری پزیشکیی زانکۆی تەورێز، لە تەورێز لەسێدارە درا.
فەریبا فەرشچی، خەڵکی سنە، لەدایکبووی ١٣٤١ (١٩٦٢) لە ١/١٠/١٣٦١ (٢٢/١٢/١٩٨٢) دەستگیر کراو، لە رۆژی ١٣/١١/١٣٦٣ (١/٢/١٩٨٥) لە زیندانی ئەوین لەسێدارە درا.
ماریا تەرەقی، لە سنە لەدایک بووە لە ١٩٦٣، لە زیندانی ئەوین لە ١٣/١١/١٣٦٣ (١/٢/١٩٨٥) لەسێدارە دراوە.
فەزیلەت دارایی ١٨ ساڵان.
وەحیدە وەحیدی، ١٦ ساڵان.
ئامینە خاتەمی، خەڵکی ناوچەی (هەوشار) لە سالی ١٩٨٠ لە شارۆکەی سەقز گولـلەباران کرا.
کوردانە ئیبراهیمی، ٢٦ ساڵان، لە ساڵی ١٩٨١ لە سەربازگەی شارۆچکەی سەقز گولـلەباران کرا.
شیرین ئیبراهیمی، ٢١ ساڵان، لە ساڵی ١٩٨١ لە سەربازگەی شارۆچکەی سەقز گولـلەباران کرا.
شوعلە محەمەدزادە، هەژدە ساڵان، لە سەربازگەی شارۆچکەی سەقز گولـلەباران کرا، لە لەعنەتاوای قروە بەخاک سپێردرا.
کچانی حاجی فەیزی خەڵکی سەقز، دوو کەس.
مەهین عەبدوڵڵازادە، ١٨ ساڵان.
فاتیمەجەمشیدی.
فاتیمە محەمەدی ٢٢ ساڵان.
شوعلە ئیبراهیمی، ١٧ ساڵان.
سەعدیە کەریمان.
لەتیفە عەباسی ١٨ ساڵان.
فریشتە فایقی، ٢٨ ساڵان.
ناوی ژنانی لەسێدارەدراو لە دەیەی ١٣٦٠ (١٩٨١) بەندیخانەکانی کرماشان و ئیلام
سونقور کولیایی:
مەعسومە ئەمینی، هاجەر ناموەر.
کرماشان:
ئەعزەمولسادات نەسەبی، فەریدە گەوهەرنیا، مەعسومە ئەمینی، فەرانەک تاوسی، سوهەیلا رەحیمی، نەیرە غولامی، پوران نەسیری، میترا رەحیمی، سەدیقە سلێمانی ئازەر، میترا جەلالی، پەروین ئەمیری.
ئیلام:
مەرزیە رەحمەتی، فەرەح ئیسلامی، جەسومە حەیدەریزادە، نەسرین رەجەبی، حەکیمە ریزوەند.

بەشی دووەم (رووداوە کارەساتئامێزەکان)
ئاگرکەوتنەوە لە خوێندنگای کچانەی گوندی شیناوەی خانێ
(لە دەوروبەری پیرانشار-خانێ) یەکێکە لەو زنجیرە ئاگرکەوتنەوانەی کە بەهۆی کەموکڕی پێداویستییە گەرمکەرەوەکان لە خوێندنگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە رۆژی چوارشەممەی ١٥/١٠/١٣٩١ (٤/١/٢٠١٣) روویدا، لەم رووداوەدا ٢٩ کچە خوێندنکار سووتان کە دوواناین بەهۆی سەختی سووتاوییەکەیان گیانیان سپارد، هەروەها پەنجەکانی سێ کچە خوێندکار بەهۆی سەختی سووتانەکەیان و قەبوڵ نەکردنی لێنانەوە بڕانەوە، بەهانەوە نەچوونیان یەکێک بووە لەو هۆکارانەی کە پێویستە بخرێتە بەر باس و لێکۆڵینەوە.

2. مردنی فەریناز خەسرەوانی
ئەو تاوانەی کە لە هوتێلی (تارا)ی مهاباد روویدا لە رۆژی ١٣/٢/١٣٩٤ (٣/٥/٢٠١٥)، بووە هۆی گیان لەدەست دانی کچێکی تەمەن ٢٨ ساڵانی مهابادی بەناوی فەریناز خەسرەوانی، فەریناز لەبەرانبەر هێرشی کارمەندێکی حکومەتەکەی کۆماری ئیسلامی کە دەیەویست دەستدرێژی بکاتە سەر، بۆ بەرگریکردن لەخۆی، لە پەنجەرەی نهۆمی چوارەمی هوتێلەکە خۆی فڕیدا، و گیانی سپارد. زۆرێک لە هێزە دەوڵەتییەکان تەنانەت دوای مەرگی فەرینازیش، دەیانەویست پرسەکە بکەنە شتێکی کەسیی خۆی.

3.
کوشتنی شەیدا حاتەمی
شەیدا حاتەمی، خوێندکاری ٢٥ ساڵانی قۆناغی ماستەر لە بەشی زەوی ناسی (توربە)ی زانکۆی ورمێ، یەکێک بوو لەو کچە کوردانە کە بوە قوربانی سیاسەتە پیاوسالارییەکان، تەرمی شەیدا شوێنەواری ئەشکەنجەدان و خنکاندنی پێوەدیار بوو، دۆزرایەوە.ئەمە بەو واتایەیە کە شەیدا هاتەمی خۆی نەکوشتوە،بەڵکوو کوژراوە.

4.
مەهناز قەندکالو
کچێکی کورد بەناوی(مەهناز قەندکالو) کچی محەمەد، خەڵکی گوندی (میلان)ی سەربە شارۆچکەی (ماکۆ) کە خوێندکاری دوا قۆناغی بەشی دەروونناسی زانکۆی سەلماس بوو، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە رفێندرا و دوای دەستدرێژی سێکسی و دزینی نزیکە ٢٠ ملیۆن تومان (600 $)خشڵ و زێر، کوشتیان.

5.
سەحەر چویینی
سەحەر چویینی، کچە مەریوانییەکی خوێندکار لە زانکۆی هەمەدان لە ژوورەکەی خۆیدا لە بەشی ناوخۆیی زانکۆ کوژرا، زانیارییە سەرەتاییەکان باسی لێدانی کوشندە دەکەن لە سەری، دواتر گوترا کە خۆی هەڵواسیوە، خەڵکی مەریوان و هاوزانکۆییەکانیشی بە چاوی گومانەوە سەیری ئەو پرسە دەکەن. بنەماڵەی کۆست کەوتووی سەحەر، سوپاسی خەڵکی مەریوان بە گشتی و ئەنجومەنە مەدەنییەکانیان بە تایبەتی کرد لە دەربڕینی هاوسۆزی و هاوڕێی کردنییان لەو دڵدانەوەی بنەماڵەکەیان لەو کۆستە گەورەیە، هەربۆیە رایاشیانگەیاند کە گیان لە دەستدانی سەحەر بەهۆی خۆکوژییەوە نەبوەوە و کوژراوە.


بەشی سێیەم
بەردبارانکردنی ژنان (رەجم)
خشتەی حوکمە دەرچووەکانی بەردبارانکردنی ژنان لە لایەن کۆماری ئیسلامی (کۆتای ساڵی ١٣٥٩ تاوەکو کۆتایی ١٣٧٨) واتە لە (سەرەتای ١٩٨١ تاکو سەرەتای ٢٠٠٠).
رۆژی ٣١ جولای ١٩٨٩، رۆژنامەی کەیهان راپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە ٦ ژن بە بەرچاوی خەڵکەوە لە کرماشان بەردباران کراون.
(سەریمە عەبادی، ٣٠ ساڵان، دایکی دوو منداڵ) و (بوعەلی جانفشانی، ٣٢ ساڵان، باوکی منداڵێک) پێشتر لەلایەن دادگای گشتی شاری ورمێ بە تۆمەتی (زینای موحسەنە) بە بەرادباران کردن مەحکوم کرابوون ئەم حوکمە لە رۆژی چوارشەممەی ١٦/١٠/١٣٨٨(٦/١/٢٠١٠) لە دادگای تێهەڵچوونەوەی پارێزگای ورمێ پشتڕاست کراوەتەوە و ئێستاکە ئەو دوو تاوانبارە لە زیندانی ورمێ بەند کراون.
هەروەک لە سەرەوە ئاماژەمان کرد، بێگومان ناوی ئەو ژنانەی کە لە سەرەوەدا هاتووە، کامڵ نییە، ژنانی زۆرتریش هەن کە رەنگە ئێستاکە ناویان لەبەر دەستدا نەبێ، بەڵام خەبات و قارەمانییەکانیان بوەتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە ژنان پەیڕەوی ئەوان بکەن و بازنەی بەرخۆدان فراوانتر بکەن. هەموومان لەگەڵ سیاسەتەکانی دوژمنکاری ژنان، بەتایبەتی لەسێدارەدان، بەردباران، شەرەف شوشتنەوە و زانکۆیی... زۆر دڵنیاین کە دەوڵەت تەنیا بە مەبەستی جێگیرکردنی هەژموونی خۆی بەکاری دەهێنێ. دەبینین کە لە هیچ بوارێکدا نەک تەنیا جێگەیکی بۆ ژنان نەهێشتوەتەوە، بەڵکو بە ئەنجامدانی هەر جۆرە تاوانێک لە دژی ژنان، دەیەوێ کە ئامادەیی ژنان، رۆڵ و کاریگەرییەکانیان لە کۆمەڵگادا بسڕێتەوە.

ئەم سیاسەتە پێش شۆرشی ٥٧ (٧٩) بە شێوەیەک و دوای ئەویش بە چەندین شێوازی جۆراوجۆر بە کردەکی کراوە. بەتایبەت لەگەڵ دەسەڵات گرتنەدەستی کۆماری ئیسلامی، زۆرێک لە ژنان لە بەندیخانەکان رووبەڕووی دەستدرێژی و هەڕەشەی پاسدارانی ئیمام خومەینی بوونەتەوە، دواتر لەسێدارە دراون. دەوڵەتی ئێران هیچ کات بەرگەی بەرخۆدانی ژنان و خەباتی ژنانی نەگرتوە کە بۆ گەیشتن بە ئازادی ئەنجامی دەدەن و هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی خەباتی ژنان، بە شێوەی جۆراوجۆر هەوڵیانداوە فکری ئازادیخوازانەی ژنان و کۆمەڵگە لەناو ببەن. ئەمرۆکە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ئەم سیاسەتانە لە دژی ژنان زێدەتر بووە، بە درێژایی ٣٥ ساڵ حکومەتی کۆماری ئیسلامی و گۆرانی دەوڵەتەکان، نەک تەنیا بارودۆخی ژنان بەرەو باشی نەچوو، بەڵکو بە پێچەوانەوە زۆر خراپتر بوو و گەیشتە ئاستێکی مەترسیدار. بەڵام ئارمانجمان لە خستنەڕووی ناوەکانی سەرەوە، بە مەبەستی ناسینی زیاتری تێکۆشانی و خۆڕاگری ژنان بوو. خەباتەکانیان نیشانەی ئەوەیە کە تەنانەت ئەگەر سەرکوتکردنەکانەی دەوڵەت بگاتە بەرزترین ئاستی خۆیشی، ژنان هیچ کات ملکەچ نابن و رێگایان بۆ خەباتی ژنان لە هەموو بوارە جۆراوجۆرەکاندا خۆش کردوە. هەروەک لە دەیەی ١٣٦٠ (١٩٨١)، ژنان بۆ گەیشتن بە ئارمانجەکانیان خەباتیان کرد، ئەمرۆکەش لە ئاستێکی بەرزدا بەردەوامە. نمونەی زۆری وەکوو زیلان پەپوولە، کە ترسێکی مەزنی خستە دڵی دوژمنەوە، بە شێوەیەک کە دەوڵەت دوای بریندار کردنیشی بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجەیان دا. نمونەیەکی دیکەی کە بتوانرێ باسی بکرێ، مەعسومەی رەشی، بە نازناوی زیلان سەردەشت، کە تا دوایین هەناسەی خۆی خەباتی کرد و لەنێوان هێزەکانی بەسیج و پاسدار بۆمبەکەی بەخۆیدا تەقاندەوە و ئێستاکەش بوەتە نمونەیەک بۆ سەرجەم ژنان. هەروەها نمونەی زۆر لە ژنانی سیاسی لە زیندانەکانی ئێران بەرخۆدان دەکەن. یەکێک لەو نمونە هەرە دیارانەش، زەینەب جەلالیانە. ژنان ئەمڕۆکە لەگەڵ هەموو ئەو گوشار و کوشتارە هەمەلایەنانە سەریان شۆڕ نەکردوە وقۆناغ بە قۆناغ خەباتەکانیان فراوانتر کردوە ونەیانهێشتوە لاواز ببێت. لە کۆتایید دەتوانرێ بگوترێ، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوانەی سەرەوە ئەوەی دەبێتە ئەرک لەسەر ژنانی ئەمڕۆ، پەرەپێدانی خەباتی ژنانە بە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و رێکخستنی خۆیان.

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کژار)