پاسەوانەکانی بارزانی، مافەکانی ژنە راگەیاندنکارێک پێشێل دەکەن
15:38
هەولێر - لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی هەڵمەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، پاسەوانەکانى نێچیرڤان بارزانی، لە شاری هەولێر پێشێلکاریی بەرامبەر بە ژنە راگەیاندنکار ڕێناس عەلی دەکەن و ڕێگەی نادەن بەشداری ئەو بۆنەیە بکات کە لەهۆڵی سەعد عەبدوڵڵا سازکرابوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦، لەوکاتەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وتاری بۆ پاڵپشتی هەڵمەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنانی پێشکەشدەکرد لەهۆڵی سەعد عەبدوڵا، پاسەوانەکانى لە دەرەوەی هۆڵەکە پێشێلکارییان بەرامبەر (ڕێناس عەلی) پەیامنێری ئێن ئاڕ تی کرد و ڕێگەیان نەدا بەشداری ئەو بۆنەیە بکات و دووریان خستەوە.
لەو بارەیەوە ئاوات عەلى، بەڕێوەبەرى کەناڵى ئێن ئاڕ تی، ڕایگەیاندوە: "ئەوەی پاسەوانەکانى سەرۆکی حکومەت بەرامبەر ئەو ڕۆژنامەنوسە ژنەی ئێن ئاڕ تی کردیان ئەگەر بە بڕیاری ڕاستەوخۆی نێچیرڤان بارزانی خۆی نەبووە، ئەوا دەبێت تیمەکەی سەرۆکی حکومەت و پاسەوانەکانى داواى لێبوردن لەو پەیامنێرە بکەن، ئەگەر نەشیان کرد ئەوا ئەوە دەردەخات کە سەرۆکی حکومەت بەم شێوەیە پاڵپشتی لە بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەکات".