"ئەنجامەکان دەڵێن دەبێت یاساکان بگۆڕین"

10:18

سلێمانی - بەشداربووانی کۆنفرانسی "ئامارەکان خۆیان ئەدوێن" باسیان لەوە کرد کە دەبێت کە هۆکاری هەموو توندوتیژیەکان یاساکانن و سەرۆکی یەکێتی ژنانی کوردستان لە شاری کەرکوکیش ڕادەگەیەنێت: تا ئێستا بە یاساکانی بەعس مامەڵە لەگەڵ ژنان دەکرێت.

"هەرێمی کوردستان پێویستی بە شەڵتەری زیاتر هەیە"

لەیلا عەبدوڵڵا، بەرپرسی یەکێتی ژنانی کوردستان لە سلێمانی کە بابەتێکی لێتوێژینەوەی پێشکەشکرد وتی: "ئێمە ڕۆژانە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبینەوە، بەڵام ویستمان لێرەوە زۆرترین کەس ئامارەکان ببینن، لە ئەنجامی لێتوێژینەوەکانماندا دەری دەخات کە شەڵتەرەکانی ژنان ڕۆڵێکی باشیان هەبوو، بۆیە ڕووانین لەسەر ئەوەیە کە شەڵتەرەکان زیاتر بکرێن."

هاوکات ناوبراو ڕەتیشی کردەوە کە شەڵتەرەکان وەک زیندانێک وابن و سنوریان بۆ دانرابێت و جەختیشی کردەوە: "ناچارین تا ئاستێک شەڵتەرەکان سنوردار بکەین، بۆ پاراستنی ئاسایش و ژیانی ئەو ژنانەی کە هانایان هێناوە بۆ شەڵتەرەکان."

"با ڕۆژئاوای کوردستان بکەین بە نمونە"

هەر لەو بارەیەوە ڕۆناک فەرەج، چالاکی ژنان و ئەندام لە کۆمسیۆنی ژنان لەناو تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، وتی: "ئەنجامدانی چالاکی بۆ ئاشکراکردنی توندوتیژیەکان گرنگی خۆی هەیە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا ئاشکرا دەبێت، کە لە بەهۆی ئەو قەیرانانە توندوتیژیەکان زیادیان کردوە، ئەوەش لە ئەنجامی یاسا پیاوسالارەکانە، نمونە لە رۆژئاوای کوردستان یاسای یەکسانی ڕەگەزی لەماوەی دوو ساڵدا پراکتیزە بوو، بەڵام زیاتر لە ٢٥ ساڵە لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتێک هەیە تا ئێستا نەیتوانیوە نەک یاساکان بگۆڕێت، بەڵکو نەیانتوانیوە ڕێژەی توندوتیژی سەر ژنانیش کەم بکەنەوە.

"ئەرکی گۆڕینی ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە ئەستۆی ئێمەدایە"
لای خۆشیەوە عەقید ئامینە ئەحمەد، لە هێزەکانی ژنانی پێشمەرگە، باسی لە گرنگی خستنەڕووی ئەو دەقەیە یاسایانەی دژ بە ژنانن و گۆڕانکاریان زۆر گرنگە و وتیشی: "پێویستە ئێمە کار لە سەر گۆڕینی ئەقڵیەتی پیاو بکەین لەو هەرێمەدا، چونکە تا پیاو ئازاد نەبێت ژنان زیاتر ڕووبەڕووی چەوساندنەوە دەبنەوە، بۆیە وەک ژنان ئەو ئەرکەش لە ئەستۆماندایە، بەڵام لە ئێستادا تومحێکی زۆرمان نیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و گوشارخستنە سەر دەسەڵات بۆ گۆڕینی یاساکان."

"تا ئێستا لە کەرکوک بە یاساکانی بەعس مامەڵە لەگەڵ ژنان دەکرێت"

هەروەها لاوە زەنگەنە لێپرسراوی لقی کەرکوکی یەکێتی ژنان وتی: "دەبێت ژنان ئەوە باش بزانن کە ئێمە بە هاوکاری هەموو ژنانی کوردستان دەتوانین ڕووبەڕووی توندوتیژی ببینەوە، هیوادارم لە کەرکوکیش ئەو جۆرە خەباتانە پێشبخرێن، تا ئێستا لە کەرکوک بە یاساکانی بەعس مامەڵە لەگەڵ ژنان دەکرێت، تا ئێستا یاسایەک نیە ببێتە بەربەست لە چەوساندنەوەی ژنان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دۆخی ژنان لە کەرکوک زۆر مەترسیدارە."

ناوبراو جەختیشی کردەوە: "تا ئێستا هیچ سەنتەر و شەڵتەرێکی ژنان لە کەرکوک نیە بەو هۆیەشەوە ژنان بە دۆخێکی زۆر ناخۆشدا تێدەپەڕن."