داوای ٢٣٠ ساڵ زیندانی بۆ گولتان کشاناک دەکرێت
09:45
ئامەد - داواکاری گشتی تورکیا لە سکاڵانامەکەیدا، داوای سزای ٢٣٠ ساڵ زیندانی بۆ گولتان کشاناک، هاوسەرۆکی شارەوانی شاری گەورەی ئامەد کرد.
داواکاری گشتی تورک لە دادگای ئامەد، دژی گولتان کشاناک، هاوسەرۆکی شارەوانی شاری گەورەی ئامەد سکاڵانامەی ئامادەکرد، گولتان کشاناک رۆژی ٣٠ی مانگی رابردوو دەستبەسەر کرا، پاشان لەکار دەرکرا و خۆسەپێنەر بەجێی لە شارەوانی ئامەد دانرا.
سکاڵانامەکە لە ٢١ لاپەڕە پێکهاتووە، لە سکاڵانامەکەدا بەتۆمەتی "دامەزراندن و بەڕێوەبردنی رێکخراو" ، "بەشداریکردن لە رێپێوان و کۆبوونەوەی نایاسایی" و " ٤١ جار پروپاگەندە کردن بۆ رێکخستنی قەدەغە" داوای سزای بۆ کشاناک کراوە، داواکاری گشتی تورک بەپێی سکاڵانامەکە، داوای سزای ٢٣٠ ساڵ زیندانیکردنی کردوە بۆ گولتان کشاناک.
لە سکاڵانامەکەدا، ئامادەبوون لە مەراسیمی شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە دژی داعش وەکو تاوان لەقەڵەم دراوە، هەروەها ئەو وێنانەی پیشانی دەدەن، کە کشاناک لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی دایکی عەلی حەیدەر قەیتان، ئەندامی بەڕێوەبەری کەجەکە، بەشداربووە، وەکو بەڵگەی "پروپاگەندە بۆ رێکخستن" هەژمار کراوە.